Home » هەواڵ » عێراق » سیستانی پێشنیارێك بۆ چارەسەری كورتهێنانی بودجە دەخاتەڕوو

سیستانی پێشنیارێك بۆ چارەسەری كورتهێنانی بودجە دەخاتەڕوو

گەورە مەجەعی ئایینی شیعەكان بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجە پێشنیارێك دەخاتە بەردەم بەرپرسانی عیراق و ڕایدەگەیەنێت: پێویستە بەپێی پلانێك گەندەڵی دارایی و كارگێڕی چارەسەر بكرێت و پێویستیشە وەبەرهێنانی لە غازی سروشتی ئەنجام بدرێت.

عەبدولمەهدی كەربەلایی ؛نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەكانی عیراق؛ لە وتاری ئەمڕۆی نوێژی هەینی ئیدانەی كوشتنی مامۆستایانی ئایینی سوننەی لە شاری بەسڕە كرد و داواشی لە هێزە ئەمنییەكان و حكومەت كرد، بكەرانی ئەو تاوانە سزابدەن.

لە وتارەكەیدا، كە بەناوی سیستانی-یەوە پێشكەشی دەكات ڕاشیگەیاند: “بودجەی گشتی عیراق لەم ڕۆژانەدا بەردەوام گفتوگۆی لە سەر دەكرێت لە ئەنجومەنی نوێنەران و توشی كورتهێنانێكی گەورە بوو بە ڕێژەی 20%، بۆیە كەمكردنەوەی بودجە بەو شێوە گەورەیە كاریگەری لە سەر ژیانی هاوڵاتیان و پڕۆژەكان دەبێت و وادەكات بێكاری زیاد بكات”.

داواشی لە حكومەت كرد: “پلانێكی ڕوون و خێرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی دابنێت و بەهەدەردانی دارایی گشتی كەمبكرێتەوە”.

جەختیشی كردەوە: “دووبارە داوا لە حكومەت دەكەین پلانێكی خێرا دابنێت بۆ بۆ وەبەرهێنان لە غازی سروشتی، كە سەرمایەیەكی گەورەی نیشتمانیە و دەبێتە پاڵپشتی سامانی نەوت، چونكە بەردەوام دابەزینی نرخی نەوت زیانێكی گەورە بە داهاتی وڵات و هاوڵاتنیان دەگەیەنێت”.

كەربەلایی وتیشی: “پێویستە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیكە و شارەزایانی ئەو بوارە وەربگیرێت بۆئەوەی ئەو سامانە ببێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی نیشتمانی یان وەك سەرچاوەیەكی دووەم ببێتە هۆی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.