دیارده‌ى کۆچکردنی «لاوان‌و ئه‌قڵ»، هه‌ڕه‌شه له‌بونى ئیسرائیل ده‌کات، چاودێرانیش هۆشدارى ده‌ده‌ن که‌ڕه‌نگه دیارده‌که ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل له‌ناوه‌وه بخوات، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌که نه جبهخانهکهىو نه هاوپهیمانیهکانى له‌گه‌ڵ رۆژئاوادا ناتوانن لێى دوربخه‌نه‌وه.
ره‌شبینى سه‌باره‌ت به‌مانه‌وه‌ى وڵاته‌که‌یان
راپرسییه‌ک که‌چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ئیسرائیل به‌ڕێوه‌چوو، ئاشکرایده‌کات، له‌نێو هه‌ر سێ ئیسرائیلی‌دا یه‌کێکیان پێباشه ئیسرائیل جێبهێڵێتو له‌ده‌ره‌وه بژێت.
هۆکاره‌کانى حه‌زکردن لهکۆچکردنیش له‌نێو یه‌ک له‌سه‌ر سێى ئه‌وانه‌ى بیروڕایان وه‌رگیراوه، لهگرانى نرخى شتومه‌که‌وه ده‌ستپێده‌کات تا ده‌گاته بارودۆخى ئاسایش‌و بێئومێدبون له‌سیاسیه‌کان
له‌م رۆژانه‌دا ئیسرائیل ئاهه‌نگى (67)مین ساڵیادى دامه‌زراندنى ده‌گێڕێت، به‌ڵام به‌گوێره‌ى راپرسیه‌که نزیکه‌ى سه‌دا 50ى ئیسرائیلیه‌کان پێشبینیان کردوه وڵاته‌که‌یان 67 ساڵى تر به‌رده‌وام بێت.
کۆچکردنى لاوان
به‌ڵام رێژه‌ى ئه‌و ئیسرائیلیانه‌ى خوازیارى کۆچکردنن له‌نێو ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان له‌نێوان (30-49) ساڵاندایه، به‌رزبوه‌ته‌وه بۆ سه‌دا 36، له‌به‌رامبه‌ر سه‌دا 18ی ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان 65 ساڵه.
به‌پێى سایتى ئه‌لجه‌زیره نزیکه‌ى 800 هه‌زار ئیسرائیلى له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌که‌یان ده‌ژین، له‌م ساڵانه‌ى دواییشدا کۆچکردنى لاوان به‌تایبه‌تى به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو زیادیکردوه، 80 هه‌زار ئیسرائیلى به‌ته‌نها له‌شارى به‌رلین ده‌ژین.
راپرسیه‌که باس له‌وه‌شده‌کات کهکۆچکردن له‌ئیسرائیله‌وه، کۆچکردنى ئهقڵهکانیشى گرتوه‌ته‌وه.
راپرسیه‌که هه‌ندێک له‌هۆکاره‌کانى دیارده‌که رونده‌کاته‌وه که باوه‌ڕیان به‌سیستمى دادوه‌ریى وڵاته‌که‌یان نیه. هه‌رچى متمانهشیانه به‌ده‌زگاى خوێندن‌و ئامرازه‌کانى راگه‌یاندن، ئه‌وا زۆر که‌مه، کاتێکیش پرسیارى حکومه‌ته‌که‌یان لێبکرێت، ئه‌وا ئه‌و متمانه‌یه که‌متر ده‌بێته‌وه.
سه‌باره‌ت بهئایندهى وڵاته‌که‌شیان، ته‌نها سه‌دا 52ی ئیسرائیلیه‌کان بڕوایانوایه ده‌وڵه‌ته‌که‌یان 67 ساڵی تر ده‌مێنێته‌وه، له‌کاتێکدا ئه‌وانه‌ى تر که ماونه‌ته‌وه گومانیان هه‌یه وڵاته‌که‌یان 67ى تر بمێنێته‌وه، نزیکه‌ى سه‌دا 31ى لاوانیش (18-29 ساڵ) بڕوایانوایه وڵاته‌که‌یان تواناى مانه‌وه‌ى نیه.
کۆچى ئه‌قڵه‌کان
راپرسیه‌که ئه‌وه ئاشکراده‌کات یه‌ک له‌سه‌ر سێى ئه‌وانه‌ى بڕوانامه‌ى دکتۆرایان هه‌یه له‌زانکۆکانى ئیسرائیل‌دا سه‌رقاڵى توێژینه‌وه یان کارکردنن، زۆربه‌شیان له‌ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل سه‌رچاوه‌کانى کارکردن بهمهرجگهلێکى باشتریان ده‌ستده‌که‌وێت.
پڕۆفیسۆر ئیتسحاق به‌ن ئیسرائیل، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى توێژینه‌وه‌و په‌ره‌پێدان له‌ئیسرائیل، هۆشدارى ده‌دات سه‌باره‌ت بهدهرهنجامه خراپه‌کانى کۆچکردنى ئه‌قڵه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و توێژینه‌وه زانستییه گرنگانه‌ى ده‌رباره‌ى ئابورى‌و دواڕۆژى ئیسرائیل سازده‌درێن.
به‌ن ئیسرائیل ئاشکرایده‌کات زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ره‌وه خوێندنى باڵا ته‌واو ده‌که‌ن، ناگه‌ڕێنه‌وه ئیسرائیل، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ده‌ستکه‌وتنى سهرچاوەگهلێکى کارکردن که له‌ئیسرائیلدا نایدۆزنه‌وه، داواشى له‌حکومه‌ت کردوه زیاتر پشتیوانى په‌یمانگه‌کانى خوێندنى باڵا‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى بکات، تاکو کۆچکردنى ئه‌قڵه‌کان بوه‌ستێت.
تۆمیر سورێک، کهخوێندکارێکى دکتۆراى ئیسرائیلیه‌و له‌به‌رلین ده‌خوێنێت، نه‌خشه بۆ ئه‌وه داده‌ڕێژێت له‌وێ بمێنێته‌وه، ده‌رباره‌ى دیارده‌ى کۆچى ئیسرائیلیه‌کان له‌په‌یجى خۆیدا له‌فه‌یسبوک رونیده‌کاته‌وه، سه‌ربارى گه‌ڕان به‌دواى کار‌و ژیانى خۆشدا، لاوانى ئیسرائیل به‌دواى ئاسایش‌و ئارامیدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌وه‌ش به‌ڕونى له‌خۆپیشاندانه‌کانى ته‌لئه‌بیب له‌ساڵى 2011دا ده‌رکه‌وت.
گرێى شه‌رمکردن له‌کۆچکردن
سورێک ده‌ڵێت :به‌هۆى جه‌نگه یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کانه‌وه، هه‌میشه بارێکى ئاڵۆز له‌ئیسرائیلدا هه‌یه، که به‌هۆیه‌وه زۆربه‌ى لاوان ئه‌و هیواو خهونانهى هه‌مومان به‌وڵاتى ئیسرائیله‌وه ده‌مانبینى له‌ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌وان ژیان لهههندهرانیان پێباشتره له‌بیستنى ده‌نگى ئامێره‌کانى ئاگادارکردنه‌وه‌و ژیان له‌مه‌ترسیدا.
پڕۆفیسۆر یه‌هودا شهنهاف، مامۆستاى کۆمه‌ڵناسى به (ئه‌لجه‌زیره نێت)ى راگه‌یاندوه، لاوانى ئیسرائیل خوازیارن خۆیان له‌ده‌ست گرانى ژیان له‌ئیسرائیل رزگار بکه‌ن.