بەپێی ڕاپۆرتێکی فاینانشیاڵ تایمز کە دوێنێ 23ی ئابی 2015 بڵاوکراوەتەوە چەند مانگێکە ئیسرائیل سێ لەسەر چواری هاوردەی نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوەیە، بەوەش هەرێم توانیویەتی دەستەبەری سەرچاوەیەکی گرنگی دارایی بکات، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەرێم لە شەڕی دژ بە داعشدایە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، فرۆشتنی نەوت ئاماژەیە بۆ خۆبەڕێوەبەریی کوردستان و لاوازکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کە ماوەیەکی زۆرە بەغدا لە جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان دەترسێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ئیتاڵیا و فەڕەنسا و یۆنان کڕیاری گەورەی نەوتی هەرێمن و بازرگانییەکە لەڕێگەی کەسانی نهێنی پارێزەوە ئەنجام دەدرێت و باس لە دوو کۆمپانیاش بە ناوەکانی ”ڤیتۆڵ” و “ترافیگەر” کراون، کە بازرگانی نەوت لەگەڵ هەرێمدا ئەنجام دەدەن.
ڕۆژنامەى فاینانشیاڵ تایمز بە پشت بەستن بە داتای کەشتییە بارهەڵگرەکان و سەرچاوە بازرگانییەکان بڵاویکردووەتەوە، پاڵاوگە و کۆمپانیا نەوتییەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمیان لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو 11ی ئاب هاوردە کردووە، کە پێدەچێت ئەو بڕە نەوتە بەهاکەی نزیکەی یەک ملیار دۆلار بێت.
ئەوەش لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەو بڕە نەوتەی ئیسرائیل لە هەرێمەوە هاوردەی کردووە یەکسانە بە 77%ی هاوردەی نەوتیى تەلئەبیب و ئەو ڕێژە نەوتەش لە بەندەری جەیهانەوە بۆ ئیسرائیل هەناردە کراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژانە ئیسرائیل پێویستی بە نزیکەی240هەزار بەرمیل نەوت هەیە، بۆیە بەپێی سەرچاوە پیشەسازییەکان پێدەچێت هەندێک لەو نەوتە لە ئیسرائیلەوە دووبارە هەناردە بکرێتەوە و هەندێکیشی لە ئیسرائیلدا هەڵبگیردرێت.
ئەو ڕاپۆرتەی فاینانشیاڵ تایمز لە زاری بازرگانان و شیکەرەوانی پیشەسازییەوە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە پێدەچێت ئیسرائیل بە نرخێکی بۆ داشکێنراو نەوت لە هەرێم وەربگرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی هەرێم ئەوە ڕەتدەکەنەوە. هاوکات هەندێک بازرگان و شیکەرەوەی تر پێیانوایە، کە پێدەچێت ئیسرائیل بیەوێت بەم شێوەیە هاوکاریی دارایی کورد بکات.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی فاینانشیاڵ تایمز بەغداد وەکو زۆربەی وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەتی دەکاتەوە کە ئیسرائیل بناسێنێت و هیچ پەیوەندییەکی فەڕمی لەگەڵیدا نییە، ئەمریکاش وەکو هاوپەیمانێکى نزیکی کورد و ئیسرائیل، داوای لە هەرێم کردووە کە لەگەڵ بەغدادا کاربکات لە فرۆشتنی نەوتدا.
فاینانشیاڵ تایمز ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، هەرێم نە بە ڕاستەوخۆ و نە بە ناڕاستەوخۆ نەوتی بە ئیسرائیل نەفرۆشتووە، بەڵام پەیوەندیی هەرێم و ئیسرائیل بۆ چەندین ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و هەردووکیان لەوەدا هاوبەشن کە هاوپەیمانی ڕۆژئاوان و عەرەبیش نین.
ڕاوێژکارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بە فاینانشیاڵ تایمزی وتووە “دوای ئەوەی نەوت دەدەین بە بازرگانەکانی نەوت بەلامانەوە گرنگ نییە، نەوتەکە بۆ کوێ دەڕوات، ئامانجی ئێمە دەستکەوتنی پارەی کاشە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە لە ئێستادا لە شەڕی دژ بە داعشدان و هەروەها ئەو پارەیە بۆ دابینکردنى مووچەی هاووڵاتییانە”.
لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتەکەى ڕۆژنامەى فاینانشیاڵ تایمزدا هاتووە، ئیسرائیل تاکە هەرێم نییە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕێت، بەڵکو لە مانگی ئایارەوە پاڵاوگەکانی ئیتاڵیا 17%ی نەوتیان لە هەرێمەوە هاوردەی دەکەن، کە ڕۆژانە دەکاتە زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوت، هەروەها یۆنانیش 8% و تورکیاش 9% ی نەوتی لە هەرێمەوە هاوردە کردووە، ژمارەیەکی کەمیش لە کەشتییە نەوتییەکان لە ڕێگەی بازاڕی نەوتی بەغدادەوە هەناردە دەکرێت.
لە فاینانشیاڵ تایمزدا ئەوەش هاتووە کە 17% ی تری هەناردەی نەوتی هەرێم بە قوبروس دەفرۆشرێت، کە بەشێوەی تاکتیکی کەشتی بۆ کەشتی دەکرێت و ئەو تاکتیکەش لەلایەن بازرگانانەوە بۆ ئەوە بەکاردەهێنرێت کە ئەو شوێنە ئاشکرا نەبێت کە نەوتەکەی پێ فرۆشراوە.
بەپێی سەرچاوە پیشەسازییەکانی نەوت ”ڤیتۆڵ” وەکو گەورەترین کۆمپانیای سەربەخۆی بازرگانی نەوتی جیهان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە لە بەبازاڕکردنی نەوتدا.
بەپێی سێ سەرچاوەش، کە فاینانشیاڵ تایمز ناوەکانی ئاشکرا نەکردوون، کۆمپانیای ”پێتراکۆ”ش هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات لە فرۆشتنی نەوتەکەیدا، لە ئیمەیڵێکیشدا کۆمپانیاکە نکۆڵی لەوە کردووە کە کار لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات.