Home » هەواڵ » جێهان » وڵاتانی تورکیا ، ئەمریکا و بەریتانیا بازرگانیی لەگەڵ داعشیان ئەنجامداوە
بازرگانی نایاسایی نەوتی داعش

وڵاتانی تورکیا ، ئەمریکا و بەریتانیا بازرگانیی لەگەڵ داعشیان ئەنجامداوە

سایتی ئەڵمانی DWNی بڵاویکردووەتەوە کە گروپی داعش لەڕێگەی فرۆشتنی نایاسایى نەوتەوە ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە. ئاماژەشی بۆ ئەوەشکردووە، تورکیا، ئەمریکا و بەریتانیا کە ئەندامی ناتۆن بازرگانیی نایاساییان لەگەڵ “تیرۆریستانی” داعشدا ئەنجامداوە.

بەپێى ڕاپۆرتەکەى ئەو پێگە ئەڵمانییە، هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا بە شێوەیەکی نهێنی پاڵپشتی دارایی گروپی “تیرۆریستیی” داعش دەکەن.

لە ڕاپۆرتەکەى سایتى DWN ئەوەش خراوەتەڕوو، هەریەکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە “باکووری عێراق” و هەواڵگری سوپای تورکیا هاوکاریی گواستنەوەی نەوتى چەکدارەکانى داعش کردووە بۆ ئەو وڵاتانە و چەک و جبەخانەشیان بۆ تیرۆریستانی داعش دابینکردووە.

لە سایتی ”مەسەدۆنیا ئۆنلاین”ی مەسەدۆنیشدا هاتووە، سەرچاوەی سەرەکیی دارایی داعش بازرگانیکردنی نایاساییە بە نەوتەوە و ئەو گروپە “تیرۆریستییە” نزیکەی ٦٠% ی بەرهەمهێنانی نەوتی سوریا و حەوت کێڵگەی نەوتی سەرەکیی عێراقی کۆنترۆڵکردووە.

ئەو سایتە ئەڵمانییە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە داعش توانیویەتی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ ٤٥ هەزار بەرمیل بەرزبکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسە گەندەڵەکانی حکومەتی کوردی و تورکیا هاوکارییان کردوون و بەهاوکاریی ئەوان داعش توانیویەتی قازانجی ڕۆژانەی بۆ نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە.

هەردوو حکومەتی تورکی و کوردی بە فەرمی بوونی بازرگانیی لەو شێوەیان لەگەڵ داعشدا ڕەتکردووەتەوە، وتراویشە کە هەر دوو حکومەتەکە ڕێکاری یاسایی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانی نایاسایی نەوت بە هاوکاریی ئەمریکا و بەریتانیا.

لە سایتە مەسەدۆنیەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرچاوەیەک لە حزبی دەسەڵاتداری عێراق (حزبی دەعوەی ئیسلامی) بە ئافیز ئەحمەدی ڕۆژنامەنووسی (میدڵ ئیست ئای)ی ڕاگەیاندووە ”ئەندامانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەیان بە داعش داوە نەوت لە بازاڕی ڕەشدا بفرۆشێت”.

هەر بەپێی سەرچاوەکە تورکیاش ڕێگری نەکردووە لە فرۆشتنی نەوت لەلایەن داعشەوە و ئەمریکاش بە بێدەنگی لەم چالاکییانەی ڕوانیوە.

ئەو سەرچاوەیەی پارتی دەعوەی ئیسلامی عێراق وتووشیەتی ”ئەمریکییەکان دەزانن چی دەگوزەرێت، بەڵام ئەردۆغان و ئۆباما پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ یەکدا هەیە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەردۆغان هەرچیی بووێت بیکات و ئەمریکاش پێی ڕازی بێت”.

ئەوەش لە ڕاپۆرتە هەواڵیەکەی پێگە ئەڵمانییەکەدا هاتووە، کە بەریتانیاش بەدوور نییە لەو تێوەگلانە و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کۆمپانیای ئینگلیزی- تورکی و کۆمپانیایەکى دیکەى کوردستان گومانلێکراون بۆ پاڵشتیکردنى بازرگانیى نایاسایى و فرۆشتنى نەوتى داعش بۆ تورکیا.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.