Home » هەواڵ » کوردستانی » پێكهێنانی هێزی سەربازی تەنیا بۆچوونی كۆمەڵێك چالاكوانی بزووتنەوەی گۆڕانه
لوگوی بزووتنەوەی گۆڕان

پێكهێنانی هێزی سەربازی تەنیا بۆچوونی كۆمەڵێك چالاكوانی بزووتنەوەی گۆڕانه

عەدنان عوسمان هەڵوسڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرایكرد، بزووتنەوەكەی هیچ هەنگاوێكی بۆ پێكهێنانی هێزی سەربازی نەناوە.

 عەدنان عوسمان هەڵوسڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لەڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، كە پێش چەند رۆژێك بابەتێكی بڵاوكردەوە، بەناونیشانی “بەرەو پێكهێنانی یەكەی نەوەد”، كە ئەو بابەتە لەئێستادا بووەتە جێی گفتوگۆیەكی گەرم چ لەناوخۆی گۆڕان، چ لەدەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان.

 عەدنان عوسمان لەسەر ئەو پرسە لەڕوونكردنەوەكەدا راشیگەیاندووە “ئەوە بەهیچ شێوەیەك دەربڕی هەڵوێست‌و بەرنامەی سەركردەكانی بزووتنەوەی گۆڕان نییەو تەنیا بۆچوونی كۆمەڵێك چالاكوانی بزووتنەوەكەیەو هیچ هەنگاوێكی رەسمی‌و عەمەلی نییە”.

 بەوتەی ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان، سەركردەكانی گۆڕان بەڕاوێژ لەگەڵ رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە بڕیارو پلانی خۆیان هەیەو لەبارەی پرسێكی وەهاوەو راشیگەیاندووە “ئێمەش هاوپشت‌و هاوكاریان دەبین لەهەر بڕیارێك”.

 دەقی روونكردنەوەكە:

 روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی

پێش چەند رۆژێك بابەتێكم بڵاوكردەوە بە ناونیشانی بەرەو پێكهێنانی یەكەی نەوەد، ئەم بابەتە لەئێستادا بووەتە جێی گفتوگۆیەكی گەرم چ لە نێوخی گۆڕان‌و چ لەدەرەوەیدا.

 مەبەستی سەرەكی من لەم باسەدا سێ خاڵی گرنگ بوو:

یەكەم: هەنگاونانی خێرا بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو كۆتایی هێنان بەهەیمەنەی حیزب‌و ئیرادەی حیزبەكان بەسەر هێزە چەكدارەكانماندا، كە حەتمەن ویستی پێكهێنانی هێزیتر لەدەرەوەی ‌ریزەكانی یەكێتی‌و پارتی یەكێكی تر ئەبێت لەفشارو میكانیزمەكان.

 دووەم: پەیامێكە بۆ دەرەوەی گۆڕان‌و بەتایبەت پارتی، كە گۆڕان وەك هێزێكی گەورەو كاریگەر وخاوەن توانا، كۆمەڵێك ئەگەرو خیارات لەبەردەستیدا هەیەو دەتوانێت بەگوێرەی پێشهادە نوێكان گۆڕانكاری لەكارتە سیاسییەكانی خۆی بكات.

 گۆڕان هێزێكی زیندووە، هەر بۆیە ناكرێ بەم شێوەیە هەوڵی پەراوێزخستن‌و لاوازكردنی بدرێت. كاردانەوەی گۆڕان لەپێناو سەقامگیری‌و بەرژەوەندیە باڵاكانی میللەتدا، دەبێت بەگوێرەی ئەو پێشهادانە بێت.

 سێیەم: پەیامێكی ناوخۆیە بۆ گۆڕانخوازان كە لە گفتوگۆیەكی گەرمدا بن لەسەر ئەگەر و پێشهادەكان و خۆیان بە بەشێك لەو كێشمەكێشە ناوچەیە زەبەلاحە ببینن و پێیان وانەبێت ئەوان هێزێكی مەحەلی لاواز و بێكاریگەرن.

 ئەو قسانەی من تەنها دەربڕی بۆچونی شەخسی خۆمە لەسەر پێداویستیەكانی قۆناغەكە وئەوەم بە مافێكی خۆم زانیوە لەم ساتەوەختەدا دەرگا بەسەر گفتوگۆكردن لەسەر ئەگەرە جیاوازەكان بكرێتەوە.

  بەڵام بە پێویستی ئەزانم ئەوە رابگەیەنم كە ئەوە بەهیچ شێوەیەك دەربڕی هەڵوێست و بەرنامەی سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان نییە و تەنها بۆچونی كۆمەڵێك چالاكوانی بزوتنەوەكەیە و هیچ هەنگاوێكی رەسمی و عەمەلی نییە. دیارە سەركردەكانی گۆڕان بە راوێژ لەگەڵ رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بڕیارو پلانی خۆیان هەیەو ئێمەش هاوپشت و هاوكاریان دەبین.

بە پێویستیشی ئەزانم سووربونی خۆم لەسەر ئەو بۆچونانەو كردنەوەی دەرگا بەسەر ئەو گفتوگۆیانەدا رابگەیەنم.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.