Home » هەواڵ » جێهان » فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی عەرەبی نەخۆشخانەیەکی پزیشکانی بێ سنوریان لە یەمەن بۆردوومان کرد
بۆردوومانی نەخۆشخانەیەکی پزیشکانی بێ سنور لە یەمەن

فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی عەرەبی نەخۆشخانەیەکی پزیشکانی بێ سنوریان لە یەمەن بۆردوومان کرد

فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە دوێنێ دووشەمە نەخۆشخانەیەکی رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوریان لە یەمەن کردە ئامانج.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، بۆردومانەكە لە ناوچەی عبس-ی پارێزگای حجە-ی یەمەن ئەنجامدرا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی پزیشکانی بێ سنور، بەهۆیەوە لانی کەم 11 کەس کوژران و 19ی دیکە برینداربوون.

شایەتحاڵێک لە ناوچەکە بە رۆیتەرزی راگەیاند، گواستنەوەی بریندارەکان لە ئێستادا بۆ ستافی پزیشکان زەحمەتە، چونکە فڕۆکە جەنگییەکان بەردەوامن لە فڕین بە شوێنی رووداوەکەدا.

ئەو یەکە پزیشکییەی دوێنێ بۆردومانکراوە، لەلایەن رێکخراوی هاریکاری پزیشکانی بێ سنورەوە بەرێوەدەبرێت و لە ئەژماری فەرمیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر روودانی بۆردوومانەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام ئاماژە بە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان نەکراوە.

 شەممەی رابردوو لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە باڵەخانەیەک لە پارێزگای سەعدە بۆردوومانکرا، کە رێکخراوی پزیشکانی بێ سنور وەک قوتابخانە ناساندیان و رایانگەیاند کە لەو رووداوەدا 10 منداڵ کوژراون، بەڵام هاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاند، کە هێرشەکانیان یەکەیەکی راهێنانی حوسیەکانیان کردووەتە ئامانج.

 لە مانگی 3ی 2015دا هاوپەیمانی عەرەبی بۆ گەڕاندنەوەی عەبد رەب مەنسور هادی بۆ دەسەڵات و کشاندنەوەی بەرەوپێشچوونی حوسییەکانی ئەو وڵاتە – کە شیعە مەزهەبن و دژی دەسەڵاتی وڵاتە ئۆپراسیۆن ئەنجامدەدەن – دەستێوەردانی سەربازیی بە سەرکردایەتیی سعودیە دەستپێکرد. لەو کاتەوە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەو هاوپەیمانێتییەوە سەدان هاوڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانی.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.