ژماره‌یه‌ك زانكۆی حكومی هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه هۆشداری له‌باره‌ی راگرتنی پرۆسه‌ی خوێندنی ساڵی نوێی ده‌ده‌ن و هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە؛ هه‌ڵوێستی سه‌رتاسه‌ری راده‌گه‌یه‌نن.
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی (15)ی مانگی رابردو نوێنه‌ری مامۆستایانی زانكۆكانی (سلێمانی، پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، كۆیه، هه‌ڵه‌بجه، گه‌رمیان، راپه‌ڕین و چه‌رمۆ) و ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی هۆشدارییاندا له باره‌ی ده‌وامی ساڵی نوێی خوێندن و یاداشتێكی چوار خاڵییان ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت كرد، ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه و دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زیری خوێندنی باڵا، جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان كرده‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا نوێنه‌ری ئه‌و زانكۆیانه هەڕەشەی ئەوەدەکەن كه؛ ئه‌گه‌ر بێت‌و وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان نه‌درێته‌وه، ئه‌وا ئه‌گه‌ره‌كانی نه‌چونه ناو هۆڵه‌كان و هه‌ڵپه‌ساردنی خوێندن، ئه‌گه‌رێكی كراوه ده‌بیت له بهردهمیانداو ئۆباڵی هه‌ر ئه‌نجام و لێكهوتهیهكیش ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتداران.
نوێنه‌ری مامۆستایانی ئه‌و زانكۆیانه‌ی هه‌رێم پێشتر له یاداشتێكدا داوایان كردبو، موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له رێژه‌ی (75%) كه‌متر نه‌بێت و داهاتی ساڵانه‌ی زانكۆكان به رێژه‌ی (50%)ی پێش قه‌یرانی دارایی كه‌متر نه‌بێت و سه‌رجه‌م بڕی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له حسابێكی بانكی تایبه‌تدا رێكبخرێت به ئامانجی دڵنیایی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خه‌رجكردنی سه‌رجه‌م شایسته داراییه‌كانیان.