Home » هەواڵ » کوردستانی » فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناحیەی شیروان مەزن-یان بۆردومانکرد
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناحیەی شیروان مەزن-یان بۆردومانکرد

ناحیەیەکی سەر بەپارێزگای ھەولێر بەشێوەیەکی چڕ لەلایەن ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیەوە بۆردومان دەکرێت و ژمارەیەک ھاوڵاتیش شەھیدبون، بەرپرسێکی حکومیش ئاشکرایدەکات، ئەو فڕۆکانە تورکیی بون، ھاوکات زانیاریی زیاتریش ئاشکرادەکات.

بەگوێرەی ھەواڵێکی ماڵپەری سۆمەریەنیوز، غەفور ئەحمەد قائیمقامی قەزای مێرگەسور لەسنوری پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاندوە، “شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەچوارچێوەی ھێرشکردنەسەر بارەگاکانی پەکەکە، ناحیەی شیروان مەزن-یان لەباکوری ھەولێر بۆردومانکردوە”.

لەبارەی زیانەکانی ئەو بۆردومانەی تورکیاشەوە، قائیمقامی مێرگەسور ئاشکرایکردوە، “بەداخەوە بەھۆی ئەو بۆردومانەوە سێ ھاوڵاتی شەھیدبون کە سەرقاڵی کشتوکاڵکردن بون”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، زۆربەی ناوچەکانی سنوری ناحیەی شیروان مەزن لەژێر دەسەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دایەو ناوبەناو لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوماندەکرێن و زیانی زۆریشی بۆ ھاوڵاتیان و دانیشتوانی ئەو سنورە ھەبوە.

شێروان مەزن کە ئێستا ناوەندی ناحیەیە یەکەمجار گوندبوە ٥٥٠ ساڵە دروستبوەو لە ١٨٩٠ شێروان مەزن کراوە بەناحیە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی مزوری باڵا) کە ناوەندی ناحیەکە لەشێروان مەزن بوو، ناحیەکە ٧٠ گوند دەگرێتەوە کە ١٩ گوندی ئاوەدانەو ٥١ گوندیش تائێستا ئاوەدان نەکراوەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە ئێستا لەبەردەستدایە، کۆی گشتی دانیشتوانی ناوەندی ناحیەو گوندە ئاوەدانکراوەکانی بریتییە لەچوار ھەزارو ١٠ کەس و ١٥٥ کیلۆمەتریش لەناوەندی پارێزگای ھەولێرو تەنھا ٣٠ کیلۆمەتریش لەمێرگەسورەوە دورە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.