Home » هەواڵ » کوردستانی » گه‌رمیان: مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ده‌ستیان به‌خۆپیشاندان كردوسورن له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ موچه‌ نه‌مێنێت
مامۆستایانی‌-ناڕازی‌

گه‌رمیان: مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ده‌ستیان به‌خۆپیشاندان كردوسورن له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ موچه‌ نه‌مێنێت

خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كانی مامۆستایانی سنوری‌ گه‌رمیان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بۆ لابردنی سیستمی پاشه‌كه‌وتكردنی موچه‌و گێڕانه‌وه‌ موچه‌كانیان ده‌ستیپێكرده‌وه‌‌و له‌دروشمه‌كانیشیاندا، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێدانی‌ پاره‌ به‌ناوی‌ هاوكاری‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

مامۆستایانی‌ ناڕازی‌، به‌خۆپیشاندان ده‌چنه‌وه‌ به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌لار-ی‌ ناوه‌ندی‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان، جارێكیتر داواكارییه‌كانیان ده‌رباره‌ی‌ نه‌هیشتنی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وت ده‌خه‌نه‌ڕوو، سوریشن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ موچه‌ نه‌مێنێت.

پێشكه‌وت ئیبراهیم، وته‌بێژی ده‌سته‌ی مامۆستایانی ناڕازی به‌خه‌ندان-ی وت “ئه‌مڕۆش سێشه‌ممه‌ خۆپیشاندانه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یه‌ كه‌حكومه‌ت به‌ناوی هاوكاریه‌وه‌ ده‌یدات”.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆیان بۆ دوپاتكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌كانه‌، تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ داواكاریه‌كانیان جێبه‌جێده‌كرێت.

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریداوه‌ مانگانه‌ بڕی‌ 100 هه‌زار دینار بۆ مامۆستایانی‌ ناو شارو 150 هه‌زار دینار بۆ مامۆستایانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار خه‌رجبكرێت، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ شكاندنی‌ بایكۆتی‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن، به‌ڵام  مامۆستایانی‌ ناڕازیی بڕیاره‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌و بڕیاره‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ 26ی ئه‌م مانگه‌ی نێوان قوباد تاڵه‌بانی‌ و وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و یه‌كێتی‌ مامۆستایاندا دراوه‌، دوای‌ تاوتوێكردنی‌ ره‌وشی‌ خوێندن و بایكۆتی‌ مامۆستایان له‌سنوری‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان و راپه‌ڕین.

وته‌بێژی ده‌سته‌ی مامۆستایان ناڕازیی ده‌ڵێت “له‌هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانیش ناڕه‌زاییه‌كان به‌رده‌وامه‌و ئێمه‌ له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین‌و له‌هه‌موو سێشه‌ممه‌یه‌كدا خۆپیشاندان‌و چالاكیه‌كانمان ئه‌نجامده‌ده‌ین”.

“ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێك وتارو به‌یاننامه‌ی به‌رده‌وامی ناڕه‌زاییه‌كان‌و چه‌ندین چالاكی تری ئه‌نجامده‌ده‌ین، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری 100 هه‌زار و 150 هه‌زار دینار ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌”، پێشكه‌وت ئیبراهیم وایوت.

تائێستا ده‌رگای قوتابخانه‌كان له‌سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌ی گه‌رمیان‌و راپه‌ڕین نه‌كراونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی بایكۆتی زیاتر له‌ ٥٠ هه‌زار مامۆستاوه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ یه‌كی مانگی رابردوه‌وه‌ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی خوێندنی بۆ ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ راگه‌یاندوه‌.

به‌هۆی بایكۆتی مامۆستایانه‌وه‌ تائێستا زیاتر له‌ ٧٠٠ هه‌زار خوێندكار له‌ ٢٥٠٠ قوتابخانه‌ له‌ خوێندن بێبه‌شبوون.   

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.