Home » هەواڵ » جێهان » بەشار ئەسەد هێزەکانی ئەمەریکای بە “داگیرکەر” ناوبرد
بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا

بەشار ئەسەد هێزەکانی ئەمەریکای بە “داگیرکەر” ناوبرد

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا هێزەکانی ئەمەریکای بە داگیرکەر ناوبرد و ڕاشیگەیاند، هیوادارن ئیدارەکەی ترەمپ کاریگەری هەبێت لە شەڕی دژی داعشدا.

دوێنێ ١١ی ئازاری ٢٠١٧، بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆنێکسی چینی ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا “داگیرکەرن” و وتیشی “هیوامان وایە کە ئیدارەی نوێی ترەمپ ئەو بەڵێنانە بباتە سەر کە پێشتر بۆ شەڕی دژی داعش دابوونی، هەرچەندە تا ئێستا کۆنکرێتی نین”.

لەبارەی جێگیرکردنی سەربازانی سوپای ئەمەریکا لەنزیک منبج ئەسەد وتی “هەر هێزێکی دەرەکەی کە بەبێ مۆڵەتی ئێمە هاتبێتە سوریاوە داگیرکەرەو ئەوەش هیچ سودێکی نابێت”.

بەشار ئەسەد هێمای بۆ ئەوە کرد کە هێشتا بوار هەیە کە لەگەڵ ترەمپدا هەماهەنگی بکەن لە شەڕی دژی داعشدا و هەرچەندە تا ئێستا هەنگاوەکان نەبوونەتە کرداری، ئەوەی هەیە ئەمەریکا تەنها چەند هێرشێکی دژی ئەو گروپە ئەنجامداوە و پێویستی بەزیاترە.

سەبارەت بە دانوستانەکەی جنێف ئەسەد هێمای بۆ ئەوە کرد، چاوەڕێی ئەوە ناکەن کە دانوستانەکانی جنێف بەرهەمێکی هەبێت، بەڵام ئەوەش هەنگاوێکە و ماوەیەکی درێژی دەوێت، ڕاشیگەیاند، داهاتووی سوریا و سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە لە دەستی خەڵکەکەیدایە.

پێشتر ئەسەد چەندین جار ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرتووە لەبارەی ئەو سیاسەتەی کە دژی داعش هەیەتی، لەکاتێکدا کە ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٤وە سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەک دەکات بۆ لێدانی داعش لە عێراق و سوریا.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.