Home » هەواڵ » کوردستانی » وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ چەند رێنماییەکی‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان بڵاوکردەوە
تاقیكردنه‌وه‌ی قوتابیان

وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ چەند رێنماییەکی‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان بڵاوکردەوە

وەزارەتی‌ پەروەردە حکومەتی‌ هەرێم  چەند رێنماییەکی‌ بۆ قوتابیان و مامۆستایانی‌ چاودێر لە ئەزمونە وەزارییەکاندا بڵاوکردەوە.

لە رێنماییەکەدا بۆ قوتابیان ئەوەهاتووە، کە هیچ کتێب و دەفتەر و پەڕاوێک نابرێتە هۆڵی‌ تاقیکردنەوە و هەروەها جگەرەکێشان قەدەغەیە و پۆشینی‌ جلوبەرگی سەربازی‌ و هەڵگرتنی‌ چەک و هەر جۆرە ئامێرێک کە قەدەغەیە.

ئەوەشی تیادا هاتووە، هەر ئاوڕدانەوەیەک بە گزی‌ کردن حسابە و سزای‌ خوێندکارەکە دەدرێت.

لە رێنماییەکەدا بۆ مامۆستایانی‌ چاودێر و بەڕێوەبەری‌ هۆڵەکاندا هاتووە،  بەڕێوەبەر و چاودێر لە ژێر هیچ پاساوێکدا بۆیان نییە هۆڵی‌ تاقیکردنەوە جێبهێڵن، خوێندنەوەی‌ پرسیار قەدەغەیە و  چاودێر بۆی‌ نیە سەیری‌ وەرەقەی‌ سۆمای‌ خوێندکار بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر خزمێکی‌ پلە یەکی‌ یەکێک لە  چاودێرەکان لە هۆڵەکەدا هەبوو دەبێت لیژنەی‌ تاقیکردنەوەکان ئاگاداربکرێنەوە.

لە رێنمایییەکی‌ وەزارەتی‌ پەروەردەدا کە لە پەیجی‌ وەزارەت بڵاوکراوەتەوە هاتووە، “قوتابیانی‌ خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی‌ نیشتیمانی‌ و لەپێناو بەرژەوەندی‌ هەمووتان، ئەگەر هەر جۆرە سەرپێچییەکتان لە تاقیکردنەوەکان بینی‌، چ لەناو هۆڵی‌ تاقیکردنەوە و چ لە دەرەوەی‌ هۆڵ، دەستبەجێ پەیوەندی‌ بە لیژنەی‌ بەدواداچوونەوە بکەن”.

هەروەها وەزاره‌تی‌ پەروەردەی‌ حکومەتی‌ هەرێم بۆ ئەو مەبەستەش چەند ژمارەیەکی‌ تەلەفۆنی‌ داناوە کە بریتین لە ” ٠٧٥١٢٣٥٧٠٧٧ ـ ٠٧٥٠٤٧٦٨٦٨٩ ـ ٠٧٥١٢٣٥٣٣٣٨ ـ ٠٧٥٠١١٤١٢١٢ ” و  هاوکات ئاماژەی‌ بە وەشکردووە، بۆ ئاگاداربوون لە هەر پەیام و گۆڕانکارییەک و وەرگرتنی‌ هەواڵی‌ رۆژانەی‌ تایبەت بە تاقیکردنەوەکان و تەماشاکردنی‌ وەڵامی‌ تاقیکردنەوەکان، دەتوانن سەردانی‌ پەیجی‌ فەرمی‌ وەزارەتی‌ پەروەردە بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە ڕۆژی‌ 14ی‌ ئەم مانگە تاقیکردنەوەکانی‌ پۆلی‌ 9ی‌ بنەڕەتی‌ و رۆژی‌ دواتریش 15ی‌ مانگ  تاقیکردنەوەکانی‌ قۆناغی‌ دوانزەی‌ ئامادەیی‌ دەست پێبکات.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.