Home » هەواڵ » عێراق » نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەرەو تاران بەڕێكەوتن
نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی

نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەرەو تاران بەڕێكەوتن

دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە سەردانێك لە بەغداوە بەرەو تاران بەڕێكەوتن.

بەپێی زانیارییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و فوئاد حسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە بەرەو تاران-ی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێكەوتوون.

لای خۆشیەوە، عەبدوڵا ئاكرێیی، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئێران ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی هەرێم دەگاتە تاران.

ئاكرێیی بۆ ئاژانسی (ئیرنا)ی ئێرانی ڕوونی كردۆتەوە، كە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران و لەسەر بانگهێشتی فەرمی بەرپرسانی ئێران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و بەیاوەری قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ شەممە دەگەنە تاران.

ئاشكراشی كردووە، نێچیرڤان بارزانی و وەفدی هەرێم بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە تاران دەمێننەوە و لەگەڵ حەسەن ڕوحانی، سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (سەرۆكی پەرلەمان) و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆدەبنەوە.

ئاكرێیی وتوشیەتی، “لەكۆبوونەوەكاندا بابەتی كردنەوەی دەروازە سنوریەكان لەگەڵ ئێران و گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵیەكان لە هەموو بوارەكاندا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێن”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.