Home » هەواڵ » کوردستانی » هەڵسوڕاوێکی گۆڕان: پارتی بەپلەی یەك ‌و شەریكەكانی بەرپرسن لەدواخستنی هەڵبژاردنەكان

هەڵسوڕاوێکی گۆڕان: پارتی بەپلەی یەك ‌و شەریكەكانی بەرپرسن لەدواخستنی هەڵبژاردنەكان

عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بزوتنەوەی گۆڕان هەموو خولەكێك ئامادەی هەڵبژاردن بووە، بەڵام پارتی بەپلەی یەك ‌و شەریكەكانی بەرپرسن لەدواخستنی هەڵبژاردنەكان، چونكە ئەو حیزبە ئەگەر بیویستانەیە رۆژی هەڵبژاردنی دیاریدەكرد.
پێشتر فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتی: “تەحەدا دەكەین وەك پارتی دیموكراتی كوردستان تاكە لایەن بووین داوامان كرد هەڵبژاردنەكانی كوردستان لە كاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسی ئامادەی هەڵبژاردن نەبووە و هەریەكەیان بیانویەكی دەهێنایەوە”.
لەبەرانبەر ئەوەدا عەدنان عوسمان دەشڵێت: “قسەكانی كاك فازڵ ڕاست نین، من بە چوار بەڵگە دەیسەلمێنم، كە پارتی ئامادەی هەڵبژاردن نەبوون، ڕاستە لەوانەیە لایەنی تریش هەبووبێت حەزی كردبێت هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام بۆ گۆڕان ڕاست نییە ڕێك پێچەوانەكەیەتی، چونكە گۆڕان لیستی ئامادەكردبوو هەتا پێشكەشی كۆمسیۆنیشی كردبوو ئیتر خۆ حازركردن چییە؟.”
ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان وتیشی: “بەچوار بەڵگە قسەكانی كاك فازڵ پێچەوانەكەی ڕاستە، یەكەم ئەو كاتەی پێویست بوو ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبكرێت سەرۆكایەتی هەرێم ئەگەر بەنایاسایش بووبێت لای پارتی بوو، سەرۆكی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان و كۆمسیۆن دەیتوانی ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبكات، دووەم سەرۆكی حكومەت، كە پێویستە هەموو پێداویستیەكانی هەڵبژردن ئامادەبكات سەرۆكەكەی لای پارتییە، سێیەم سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش لای پارتییە، چوارەم سەرۆكی كۆمسیۆنیش لای پارتییە، ئەم چوار لایەنە گرنگە لای پارتییە، ئەگەر پارتی بیویستایە ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبكات دەیكرد.”
عەدنان عوسمان ئەوەشی وت: “دوای ئەوە سەیر ئەوەیە سكرتێری حیزبێك بیت‌و ناوی دیموكرات بێت، بەڵام هەڵبژاردن بخەیتە مەزاجی ئەم حیزب‌و ئەو حیزب، هەڵبژاردن ئیستیحقاقە بەپێی یاساو دەستوور دەبێت لە كاتی خۆیدا بكرێت نەك لەبەر خاتری ئەم حیزب‌و ئەو حیزب دوابخرێت ئەمە ئەم قسە هەلەق‌و مەلەقە تەنیا لەكوردستان‌و لای پارتی هەیە, هەڵبژاردن چ حەقی بەلایەنی سیاسییەوە هەیە؟ هەڵبژاردن لایەنی خۆی ڕۆژی ئەنجامدانی دیاریدەكات، كە لایەنی كۆمسیۆنە، حیزبی سیاسی چۆن دەبێت وادەی هەڵبژاردن دیاریبكات؟”
عەدنان عوسمان ئاماژەی بەوەش كردووە، بزووتنەوەی گۆڕان هەموو خولەكێك ئامادەی هەڵبژاردن بووەو لایەنەكانی تریش ئێمە تەنیا داوای پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانمان كردووە، كە ئەمەش مەرج نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونكە ئەوە دەمێكە دەبوو بكرێت ‌و كۆمسیۆن خۆی دەڵێت “دەستمان بەو خاوێنكردنەوەیە كردووە، ئینجا فازڵ میرانی، كە دەڵێت ئامادەی هەڵبژاردنین ئێ بێگومان، چونكە پارتی هەموو كات بیست كورسی ئامادەیە و لەناو دەستیایەتی، یانزە كورسی كۆتاكان، ئەوی تری دەنگی ساختەو مردووەكانن، بەڵام پێم وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئەمە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و مەسیحی و توركمانە ڕاستەقینەكان ڕێگە نادەن چیتر ئەو مەسیحی و توركمانانەی تا ئێستا نوێنەرایەتی بە تەنیا بەرژەوەندییەكانی پارتیان كردووە كۆتاكان پڕبكەنەوەو حیزبەكانی تریش قبوڵی ناكەن ئەو یانزە كورسیە بە مسۆگەر بە ناوی كۆتاوە بدرێتە لایەنێكی سیاسی، ئەو سیستمەی لە عیراق پەیڕەو دەكرێت لە هەرێمیش پەیڕەوبكرێت ئەوە چ مانایەكی تێدایە لە عێراق سیستمێك پەیڕەودەكرێت لە هەرێم سیستمێكی تر”.
عەدنان عوسمان هەندێك لایەنی سیاسی هەرێمی تۆمەتباركرد بەڕێگرتن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و وتی: “ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەكوردستان پارتی و شەریكەكەی لێی بەرپرسە بە تەنیا.”
پێش دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئۆكتۆبەری ڕابردوو بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان (محەمەد تۆفیق ڕەحیم)ی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی لەكۆمسیۆن ناونووس كرد وەك كاندیدی ئەو حیزبە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.
لەبەشێكی تری گفتوگۆكەدا فازڵ میرانی لەبارەی هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم ڕایگەیاندبوو “پۆستی سەرۆكی هەرێم لە موقابیلاتی كیانێكی فیدراڵە كوردستانە وە ئەم بابەتەمان خستۆتە ئەستۆی پەرلەمانی داهاتوو وە لیژنەی دەستوری، ئیتر دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم و شێوازی هەڵبژاردنی ئەمە دامانناوە بۆ لیژنەی دەستور ئیتر كێ كاندید بێت ئێمە كێشەمان نیە.”
بەڵام عەدنان عوسمان ڕەتیكردەوە بزووتنەوەی گۆڕان ڕازی بووبێت بە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و وتی: “قسەكانی زۆر نامەنتقی و نایاسایی بوو، چونكە ئێستا یاسای سەرۆكایەتی هەرێممان هەیە، كە پێشتر داوای هەمواركردنیمان دەكرد، ئێستا یاساكە هەڵنەوەشاتەوە، نادرێتە پەرلەمانی داهاتوو ئەوە پارتی پێشتر ئەو پۆستەی بەنایاسایی داگیركردبوو دوای شكستەكەی ڕیفراندۆمیش دەسەڵاتەكانی میرات بێت و دابەشی سەر دەزگاكانی كرد، بەڵام ئەو پۆستە هێشتا بە فەرمی ماوە و هەڵنەوەشاوەتەوە.”

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.