نوێنەری هەمیشەیی حكومەتی سوریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرایكرد، چەكدارەكانی داعشو بەرەی نوسرە بە هاوكاریو یارمەتییەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل لە سوریا بوونیان هەیەو لەژێر چەتری ئەواندا ماونەتەوە.
ئاژانسی ئیسنا لە ماڵپەری النشرەوە بڵاویكردەوە، بەشار جەعفەری نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ستیڤان دیمستورا نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە سوریا ئەوەی لەبیر كردووە كە بەربەرەكانێ لەگەڵ تیرۆریزم لە سوریا لەپێشینەی كارەكانەو بەشێك لە ئەندامەكانی ئەنجومەنی ئاسایش وێنەی ناتەواو سەبارەت بە راستی رووداوەكان لە سوریا ئاشكرا دەكەن.
وتیشی، تیرۆریستەكان لە ناوچەی الركبان و التنفەوە هێرشیان كردوەتەیەر دووشاری باشوری سوریاو لە ئەنجامدا سوپای سوریا مافی خۆیەتی بەرگری لە گەلو خۆی بكات.
ئاشكراشیكرد، پێمان سەیرە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش هێرشی بەرگری سوپای سوریا بە لادان لە یاسای جەنگ دادەنێنو لەهەمانكاتدا بەرگری لە كڵاوسپییەكان كە گروپی نوسرەن دەكەن.
