Home » هەواڵ » کوردستانی » عەدنان عوسمان :رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی كۆتایی هاتووە
عەدنان عوسمان

عەدنان عوسمان :رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی كۆتایی هاتووە

عەدنان عوسمان، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی كۆتایی هاتووە، چونكە هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا هیچ پابەندییەك بەو رێككەوتنەوە نەبووە، دەشڵێت، “لە دیوی یەكێتیشدا هێشتا ئەو سەركردایەتیە نیە كە ئامادەی جێ بەجێكردنی ئەو رێككەوتنە بێت”.

ئەو وتانەی عەدنان عوسمان لە لێدوانێكدا هات بۆ دەنگی ئەمەریكا، هاوكات بەرپرسانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی تۆمەتبار كرد لە شكستهێنانی رێككەوتنی دەباشان.

عەدنان عوسمان رایگەیاند، “رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی كۆتایی هاتووە، چونكە هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا هیچ پابەندییەك بەو رێككەوتنە نەبووە و لەدیوی یەكێتیشدا هێشتا ئەو سەركردایەتیە نیە كە ئامادەی جێ بەجێكردنی ئەو رێككەوتنە بێت، بۆیە ئەو رێككەوتنە بە حوكمی كۆتای پێهێنراو دادەنرێت وە شتێك نیە لە ئێستادا لە نێوان گۆڕان و یەكێتی لەسەر بنەمای ئەو رێكەوتنە بێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هەر ئەو كاتەی یەكێتی پشتی لە گۆڕان كرد و لەگەڵ پارتی رێككەوت بەتایبەت دوای بەشداریكردنی یەكێتی لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەكاتێكدا رێككەوتنەكە دەڵێت دەبێت لە ڕێگای پەرلەمانەوە بێت بۆیە هیچ بڕگە و بەندێكی ئەو رێككەوتنە جێ بەجێ نەكراوە”.

17ی ئایاری ساڵی 2016، رێككەوتنامەی سیاسی لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا لە دەباشان واژۆكرا، بەڵام وەكو بەرپرسانی ئەو دوو حزبە دەڵێن رێككەوتنەكە نەچووەتە جێبەجێكردنەوە، دوای ئەنجامدانی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە ئێستادا پەیوەندی ئەو دوو حزبە لە خراپترین ئاستیدایە.

عەدنان عوسمان وتیشی، “بەرپرسی یەكەم لە هاڕەكردنی ئەو رێككەوتنە سەركردایەتی یەكێتیە، هەندێك دەنگیش هەبووە لەناو یەكێتی كە داوای جێ بەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی كردووە، بەڵام ئەو دەنگانە یا ڕاستگۆ نەبوون یاخود لاوازبوون”.

سەبارەت بەكاریگەری هێرشكردنە سەر مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن یەكێتی-یەوە لە 12ی ئایار عەدنان عوسمان دەڵێت، “رێككەوتنەكە پێش هەڵبژاردن و هێرشكردنە سەر گۆڕان كۆتایی هاتبوو ڕۆحی بەبەرەوە نەمابوو، پێش هێرشەكەیان بۆ سەر مەكۆی یەكێتی هێرشی ساختەكاری لەلایەن چەند سەركردایەتیەكی یەكێتیەوە درا كە بڕیاریان دا دەنگەكانی گۆڕان بۆخۆیان ببەن و دەنگەكانی خۆشیان بدەن بە گۆڕان”.

رێككەوتنامەی یەكێتی‌و گۆڕان، لە 11 بەش‌و 25 ماددە پێكهاتووە، هەردوولا تێڕوانینی هاوبەشی خۆیان خستووەتەڕوو دەربارەی پرسەكانی تایبەت بە حزب، ناوخۆی هەرێمی كوردستان، عێراق‌و ناوچەكە لەرووە سیاسی‌و ئابورییەكانەوە، بەڵام كۆتایی ساڵی رابردوو بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی هەڵپەسارد.

بەرپرسانی گۆڕان رایدەگەیەنن، ئەوەی لە رێككەتنەكە جێبەجێكراوە تەنیا دوو خاڵە یەكەمیان دروستكردنی سەرۆكایەتییەكی هاوبەشە، دووەم پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی لاوەكی هاوبەشە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.