ئه‌مڕۆ 28ی ئابی 2018 وەزارەتى پەروەردە ئاگادارییەکی سەبارەت بە وەرگرتنى خوێندکاران لە قوتابخانە ئەهلییەکانی سابیس بڵاوکردەوە.
له‌ئاگادارییه‌که‌دا هاتووه “رۆژی 6ی مانگى داهاتوو لیستى ئەو خوێندکارانە بڵاودەکرێتەوە کە لە قوتابخانە ئەهلییەکانی سابیس وەرگیراون”.
بەڕێوەبەرایەتى راگەیاندنی وەزارەتى پەروەردە ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو “هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، هەر لیست و ناوێکی قوتابیانى وەرگیراو لە قوتابخانە هاوبەشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاى سابیس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابێتەوە و بکرێتەوە، ئێمە وەک وەزارەتى پەروەردە لێى بەرپرس نین”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه “لیژنەى سەرپەرشتیکردنى تیروپشکى وەرگرتنى قوتابی لەو قوتابخانانە بە شێوەى فەرمى و پاش تاوتوێ و هەڵسەنگاندن و وردبینى تەواو، لە ڕێکەوتى (2018/9/6) دوا لیست ئاشکرا و بڵاو دەکاتەوە، بۆئەوەی پڕۆسەکە بەوپەڕى دادپەروەرى کۆتایی بێت”.
دوێنێ تیروپشک بۆ وه‌رگرتنی خوێندکاران له خوێندنگه هاوبه‌شه‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و کۆمپانیای سابیس به‌ڕێوه‌چوو.