Home » هەواڵ » کوردستانی » كاندیدێكی یەكێتی داوای دەركردنی هێزەكانی توركیا له خاكی هەرێم دەکات
هێزەكانی توركیا له خاكی هەرێم

كاندیدێكی یەكێتی داوای دەركردنی هێزەكانی توركیا له خاكی هەرێم دەکات

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەركردنی هێزەكانی توركیا لەخاكی هەرێم، دەكاتە ئەولەویەتی كارەكانی لەپەرلەمانی كوردستان، كاندیدێكی لیستی 105ی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت: سەرباری جەختكردنەوە لەسەر دەركردنی هێزەكانی توركیا لەناوچەی بادینان، دەبێ سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەش بە شەهید ئەژمار بكرێن كە لەئەنجامی بۆردومانەكانی ئەو وڵاتە، گیانیان لەدەستداوە.

لوقمان وەردی، كاندیدی ژمارە 14ی لیستی 105ی یەكێتی بۆ پەرلەمانی كوردستان، له‌لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: هەروەك لەڕابردوودا پێداگریمان كردووە لەسەر ئەوەی پشتیوانی لەخەباتی رەوای رزگاریخوازی گەلەكەمان دەكەین لەپارچەكانی دیكەی كوردستان، بەهەمانشێوە پێداگری لەسەر ئەوە دەكەین نابێت هیچ هێزێكی دەرەكی دەستێوەردان ناو هەرێمی كوردستان بكات و لەشكركێشی بكات.

وتیشی: “یەكێك لەكارە لەپێشینەكانمان لە خولی داهاتووی پەرلەمان، جەختكردنەوەیە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان تایبەت بەدەركردنی هێزەكانی توركیا لەخاكی هەرێم لەلایەن حكومەتی داهاتووی هەرێمەوە، بەتایبەت بارەگاكانی توركیا كە ئێستا بوونیان هەیە لەسنووری پارێزگای دهۆك، دەبێت خاكی هەرێمی كوردستان جێبهێڵن و سەروەریی خاكی هەرێم بپارێزرێت”.

راشیگەیاند: هێرشەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاو لەشكركێشی ئەمدواییەی بۆ سنووری سیدەكان، زەرەرو زیانی مادی و گیانی زۆری بەهاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە، بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە ئەو هاووڵاتیانەی بوونەتە قوربانی، لەلایەن وەزارەتی كاروكاروباری شەهیدانەوە بەشەهید ئەژمار بكرێن و بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراقیش كار بۆئەوە دەكەین حكومەت قەرەبووی هاووڵاتیانی سنووری بناری قەندیل بكاتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.