Home » هەواڵ » کوردستانی » رۆژنامەنووسێکی یەکێتی: تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبووە
تاڵەبانی

رۆژنامەنووسێکی یەکێتی: تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبووە

‌رۆژنامەنووسێکی یەکێتی لەسەر ریفراندۆم کتێبێک بڵاودەکاتەوەو ئاشکرای دەکات کە تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبووە.

سەرتیپ جەوهەر رۆژنامەنووسی سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کتێبی ” حیكایەتی ریفراندۆم” کە بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا بکەوێتە بازاڕەوە نووسیوویەتی” مامجەلال ناڕازیی بووە لە ریفراندۆم”و ٢٣ مانگی پێش وادەی ریفراندۆم ئەمەریکا یەکێتی ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو پرسە ئەنجام نەدرێت.

كتێبی (حكایەتی ریفراندۆم) کە لەچەند رۆژی داهاتوودا چاپ دەکرێت لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەوانیی تایبەت بە پرسی ریفراندۆم و دەرەنجامەكانی ئەو پرۆژەیەیە كە بەر لە ساڵێك لە كوردستان بەڕێوەچوو. لەو كتێبەدا کە لە 374 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند (A5) پێکهاتووە، وردەكاریی دەستپێكردنی پرۆژەی ریفراندۆم و ژمارەیەك دیكۆمێنت و بەڵگەنامەو زانیاریی نوێ لە خۆی دەگرێت كە تائێستا بڵاونەكراوەتەوەو رەنگە مشتومڕی نوێ‌ بەدوایخۆیدا بێنێت.

سەرتیپ جەوهەر نوسەری كتێبی (حكایەتی ریفراندۆم) راگەیاند” كتێبەكەی بریتیە لە لێكۆڵینەوەو بەدواداچونی وردو ژمارەیەكی زۆر بەڵگەنامەی نوێ‌ لەبارەی هەوڵی دواخستنی ریفراندۆم و ئاگاداركردنەوەی ئەمریكاو وڵاتان و هاوكات چەند چاوپێكەوتنێك كە زانیاریی نوێ‌ ئاشكرا دەكات، بەتایبەت لەسەر كۆبونەوەو نهێنی سەردانەكانی قاسمی سولەیمانیی و هۆكاری بەشداریكردنی بەشێك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی لەو پرۆژەیەدا”.

 نوسەری كتێبەكە دەڵێت” جگە لەبەڵگەنامە و چاوپێكەوتنی ئەوكەسانەی نزیك بوون لە نهێنییەكان، هاوكات سەردانێكی مەیدانی كەركوك لەخۆدەگرێت بۆ خستنەڕوی واقعی دوای پەلاماردانی كەركوك و ئەو گۆڕانانەی بەهۆی شكستی ریفراندۆمەوە بەسەر شارەكەو كورددا هاتوە.

بەقسەی سەرتیپ جەوهەر ئەوەی ئەم كتێبە بخوێنێتەوە لەوە تێدەگات ” بەشێك لەكاربەدەستانی ئەم وڵاتە چ تاوانێكیان دەرهەق بەگەلی كوردستان كردووە، بەتایبەت ئەو یاداشت و بەیاننامەو نامە تایبەتیانەی دەستكەوتوون و بەردەستن دەیسەلمێنێت پارتی و بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی لەژێر هەڕەشەی چەك ریفراندۆمیان لە كەركوك دا كردووە”، هاوكات نامەی وڵاتانی ئەوروپاو نامەی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریكا بۆ كورد ئەو راستییە دوپاتدەكاتەوە، ئەوانەی بڕیاری جێبەجێكردنی ریفراندۆمیاندا بەرپرسێتی مێژویی بارودۆخی دوای ریفراندۆمیان دەكەوێتە ئەستۆ.

بەقسەی نوسەری ئەم كتێبە، مامجەلال لەپرۆژەكە ئاگاداركراوەتەوەو ناڕازیبونی خۆی دەربڕیوە.

لەدوای ریفراندۆم، یەكەمجارە لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەوانیی لەسەر ئەو پرسە بڵاوبكرێتەوەو بەشێك لەنهێنییەكانی ریفراندۆم لەخۆ بگرێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.