Home » هەواڵ » جێهان » ئه‌مه‌ریكا به‌ نهێنی هه‌وڵی گۆڕینی ڕژێمی وڵاتان دەدات
ئالای ئه‌مه‌ریكا

ئه‌مه‌ریكا به‌ نهێنی هه‌وڵی گۆڕینی ڕژێمی وڵاتان دەدات

جیرۆد لابر له‌ وتارێكی كه‌ له‌ پێگه‌ی ناشنال ئنتێرست بڵاوبووه‌ته‌وه‌ باس له‌ قسه‌یه‌كی نووسه‌ری پێشووی گۆڤاری ستانداری ئه‌مه‌ریكی ده‌كات كه‌ له‌ كۆتایییه‌كانی 2018 بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ نهێنی هه‌وڵی گۆڕینی ڕژێمی وڵاتان به‌ گشتی و چین به‌ تایبه‌تی ده‌دا، پێویسته‌ كاری له‌ پێشینه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایش له‌ ده‌یه‌ی داهاتوو، هه‌وڵدان بێ بۆ ته‌قینه‌وه‌ی دۆخی چین و گۆڕینی ڕژێمی ئه‌و وڵاته‌ و هێنانه‌ سه‌ر كاری ڕژێمێكی نوێ كه‌ له‌گه‌ڵ خواست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا یه‌ك بگرێته‌وه‌.

لابر ده‌ڵێ، كریستۆڵ زۆر ڕاشكاو بووه‌ له‌و قسانه‌ی كه‌ له‌ تویته‌ر نووسیویه‌تی و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كاتێك هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، كێشه‌ی گۆڕینی ڕژێمه‌كان كارێكی جێی سه‌رسڕمان و ڕامانه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام پشتیوانی ئه‌و سیاسته‌ ده‌كات، كه‌ بیر و هزری خه‌ڵك له‌ هه‌ر شوێنێك بگۆڕێت، كه‌ ڕژێمی سیاسی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا یه‌ك ناگرنه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ڕێی خه‌ڵكه‌وه‌ ڕژێمه‌كه‌ بۆ جۆرێك ده‌گۆڕێ، كه‌ له‌گه‌ڵ خواست و ویستی خۆی یه‌ك بگرێته‌وه‌، به‌مه‌یش بێ ئه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی به‌كار بهێنێت، له‌ ڕێی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئازادی و دیموكراسی و كردنه‌وه‌ی ئه‌ڵقه‌ی گفتوگۆ به‌ به‌رنامه‌ی چڕ و ورد له‌ ڕێی ئامرازه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ ئامانجه‌ی ده‌پێكی و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.

هه‌ر گفتوگۆ و ڕێكارێك كه‌ كه‌لێن و عه‌یبه‌كانی ئه‌و ڕژێمه‌ ده‌ربخات، له‌ ڕێی ئامرازی میدیا و سیمینار و گفتوگۆوه‌ به‌ وردی كاری له‌سه‌ر ده‌كرێ و ده‌بێته‌ پرۆژه‌ی سه‌ره‌كی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا. پێویسته‌ له‌و ڕووه‌وه‌ باسی كتێبه‌كه‌ی لیندسی ئۆروكیش بكرێ به‌ ناوی “گۆڕینی ڕژێمه‌كان به‌ نهێنی: جه‌نگی ساردی نهێنی ئه‌مه‌ریكا” لیندسی پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ره‌ له‌ بواری زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ كۆلێژی بۆستن له‌ ئه‌مه‌ریكا، كتێبه‌كه‌ی سه‌ره‌تایه‌كی نموونه‌ییه‌ بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و تویتانه‌ی كریستۆل، لیندسی تیۆری گۆڕینی ڕژێمه‌كان به‌ ورده‌كاری زۆره‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، كه‌ ئه‌مه‌ریكا چۆن كار ده‌كات بۆ گۆڕینی ڕژێمه‌كان و جه‌نگی ساردیان به‌رانبه‌ر به‌رپا ده‌كات، ئه‌مه‌یش به‌ به‌هێزترین و كاریگه‌رترین ڕێگا ده‌زانێ له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك بۆ گۆڕینی ڕژێمه‌كان.

لیندسی وه‌ڵامی دوو پرسیاری سه‌ره‌كی ده‌داته‌وه‌ له‌باره‌ی گۆڕینی ڕژێمه‌كان له‌باره‌ی بۆچی ده‌وڵه‌ت هه‌وڵی ئه‌م كاره‌ ده‌دا، له‌ كاتیكدا له‌ ئه‌مه‌ریكا 64 جار له‌ ماوه‌ی ساڵانی 1947 و 1989 ئه‌نجام دراوه‌؟ ئه‌م ڕێگایه‌ تا چه‌ند كاریگه‌ره‌ بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌ ئاشكراكان؟ ڕه‌خنه‌گر و شاره‌زایان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ئه‌و تیۆریه‌یان له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ، له‌باره‌ی چۆنیه‌تی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌كان بۆ په‌كخستنی ڕژێمێك و هێنانه‌ سه‌ر حوكمی ڕژێمێكی تر. به‌ڵام لیندسی جیا له‌و گفتوگۆ و بابه‌ته‌ گشتیانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام باسیان لێوه‌ ده‌كرێ، باس له‌ هه‌وڵ و پلانه‌ نهێنییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌م كاره‌ ده‌كات.

نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ده‌ڵێ، ده‌وڵه‌ت دوای هه‌ست كردن به‌و هه‌نگاوانه‌ له‌ ڕووی ته‌ناهی و ئاسایشه‌وه‌ ڕێوشوێنی زیاتر ده‌گرێته‌به‌ر و ئه‌مه‌ریكایش ئه‌مانه‌ به‌كار ده‌هێنێ، به‌و شێوازه‌ی كه‌ بۆ سه‌ركووتی خه‌ڵكه‌، بۆیه‌ هاوكێشه‌كه‌ به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت دا ده‌شكێته‌وه‌ و ڕژێمه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌كه‌دار ده‌بێت، یه‌كێكی تر له‌ هه‌نگاوه‌كان كاریگه‌ری و فشاردانانه‌ بۆ گۆڕینی مه‌رجه‌عه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حكوومه‌ت بۆ كه‌سانی سه‌ر وڵاتان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتن و به‌ شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ندی كار بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌كان بكه‌ن و ڕژێمه‌كه‌ له‌ كۆتایی له‌ناو ببه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی به‌كار بهێنرێت.

مه‌رجیش نییه‌ ئامانجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا گۆڕینی ڕژێمه‌كه‌ بێ، به‌ڵكوو ئه‌گه‌ر هه‌مان ڕژێم بكه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ و داواكانی واشنتن جێبه‌جێ بكات، ئه‌وا وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ته‌واوی پابه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت، گۆڕینی ڕژێم یان خستنه‌سه‌ر ئه‌ژنۆی به‌هێزترین ئامرازه‌ بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كانی نێوان واشنتن و ئه‌و وڵاتانه‌ی دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وه‌ستنه‌وه‌، له‌باره‌ی سه‌ركه‌وتنی گۆڕینی ڕژێمه‌كان به‌ ئامرازه‌ نهێنییه‌كان لابر له‌ وتاره‌كه‌ی نووسیوه‌تی، ئه‌مه‌ریكا به‌ ڕێژه‌ی 39% تا ئێسته‌ توانیویه‌تی ته‌نیا به‌ ڕێگا نهێنییه‌كان ڕژێمه‌كان بگۆڕێ و بیانهێنێته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ، به‌ گرتنه‌به‌ری ئامرازه‌كانی تر له‌ ته‌ك ئامرازی نهێنی، توانیویه‌تی به‌ ڕێژه‌یه‌كی ڕه‌ها زۆرینه‌ی ئه‌و ڕژێمانه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی بیانگۆڕێ و خۆپێشاندان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و شۆڕش و كوده‌تای سپییان به‌سه‌ردا بكات.

ڕه‌نگه‌ هه‌ندێجار ئه‌و خواسته‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ گۆڕینی ڕژێمه‌كه‌ هه‌یه‌تی، زیاتر هه‌نگاو بنێ و بۆ وێرانبوونی وڵاته‌كه‌ بڕوات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ عێراق و لیبیا ڕووی دا، ئه‌مه‌ ده‌رچوونه‌ له‌ خواستی ئه‌مه‌ریكا و هاتنی وڵاتانی تره‌ بۆ سه‌ر شه‌پۆله‌كه‌ و به‌كارهێنانی ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی واشنتنه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خودی ئه‌و وڵاتانه‌یش، ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته‌ به‌ ڕێی گۆڕینی ڕژێمه‌كان بۆ دیموكراسی و لیبرالی 15 حكوومه‌تی وڵاتانی له‌كارخستووه‌ به‌ شێوه‌ی نهێنی، به‌ڵام له‌ هه‌موویان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.