Home » هەواڵ » کوردستانی » ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەنراوێك بڵاودەکاتەوە
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەنراوێك بڵاودەکاتەوە

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆتایی هات و لە ڕاگەیەنراوێكدا وردەكاری كۆبوونەوەكە، كە تایبەت بوو بە پشكی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی خرایەڕوو، حكومەتی هەرێم جەختیشدەكاتەوە، كە ئەولەویەتیان لابردنی پاشەكەوتی مووچە دەبێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێك، كە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، ئاماژە بەوەكراوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە 27/1/2019، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە.

كۆبوونەوەكە‌ تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی داراییی 2019 كە ڕۆژی 23/1/2019 تەشریع كرا و سەرەتا هەر یەك لە وەزیری دارایی و ئابووری و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاپۆتێكدا وردەكاری و ماددە و بڕگە ئەر‌ێنییەكانی یاساكەیان خستەڕوو، كە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران سوپاس و پێزانینی پێشكەش بەو هەموو ئەوانە كردووە، كە ڕۆڵیان لە داڕشتن و پەسەندكردنی یاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەران بینی، بەتایبەتی “سەرۆك وەزیران و وەزیری داراییی فیدراڵ، فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بەتایبەتی ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تیمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان”.

ئەنجومەنی وەزیران ڕاشیگەیاندووە، “هەڵسەنگاندنێكی ئەرێنی بۆ یاساكە كراوە، كە لەچاو‌ یاساكانی چەند ساڵی پێشوو باشترە و گۆڕانكاریی ئەرێنی لە بڕگە و ماددەكانیدا دەبینێرێت، هەرچەند هێشتا لە ئاستی ماف و خواست و شایستە داراییه دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا نییە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هیوای خواست ساڵی داراییی 2019 چارەسەری ڕیشەیی لە چوارچێوەی دەستووردا بۆ كێشه داراییەكانی حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ بدۆزێتەوە”.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابووری خەرجییەكانی پەیوەست بە مووچه و دەرماڵە و ئیمتیازاتە داراییەكانی دیكە و ئەو داهاتەی پێویستە بۆ خەرجكردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2019 خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە، كە “ئەولەوییەتی حكوومەت لە ئەگەری دابینكردنی داهاتی پێویست، بریتی دەبێت لە لابردنی پاشەكەوتی مووچە”.

هەر لەم ڕوانگەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانی ڕاسپارد، كە لەگەڵ وەزارەتی داراییی حكوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی و هەماهەنگیدا بن بۆ هەرچی زووتر جێبەجێكردنی یاسای بودجە و بەرچاوڕوونی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو شایستە داراییانەی بۆ هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت، دوای ئەوەی یاساكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و ڕێنماییی دارایی بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنی لەلایەن وەزارەتی داراییی فیدڕاڵەوە دەردەچێت.

دەرباری ڕووداوەكانی دوێنێی شێلادزێش، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای نیگەرانی و دڵگرانی بەرامبەر بە ڕووداوەكان و پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی ئەو هاووڵاتییەی گیانی لە دەست دا و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران، دووپاتی كردەوە، كە ئەوانەی دەستیان لە گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانی ڕێگەپێدراوی یاسایی و ئاشتیانە بۆ پشێوی هەبوو، ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە و بۆ ئەم مەبەستە لایەنە پەیوەندارەكان لێكۆڵینەوە لەم بابەتە دەكەن.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها دووپاتی كردەوە، كە ناكرێت خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی بەكاربهێنرێت و بەهانەیان بدرێتێ بۆ بۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكان و لە ئەنجامدا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان باجەكەی بدەن.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.