بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا لەمیانی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی ئەنجومەنە خۆجێیەکانی پارێزگاکانی سوریا رایگهیاند، واشنتۆن ئەو گرووپانە ناپارێزێت کە پشتیان پێدەبەستێت، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزە کوردییەکانی سوریا کە لەلایەن ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.
بهشار ئەسەد ئهمڕۆ یهكشهممه لە درێژەی وتهکانیدا بێئەوەی ناوی هیچ گروپێک بهێنێت رایگهیاند، “بەو گرووپانەی کە نۆکەرایەتی ئەمەریکا دەکەن دەڵێین، ئەمەریکا ناتانپارێزێت، بەڵکو ئامێرێکن بەدەستییەوە بۆ ئاڵووێرپێکردنتان، جگە لە سوپای سوریا کەس ناتانپاریزێت”.
ئاماژهی بهوهشكرد، “ئەوانەی پیلانیان لە سوریا دەگێرا شکستیانهێنا لە پشتبەستنیان بە تیرۆریستان، بەکرێگیراوانیش لە پڕۆسەی سیاسی گواستوویانەتەوە بۆ قۆناغی سێیەم لە پیلانگیڕی، ئەویش چالاککردنەوەی نۆکەرانی تورکیایە لە ناوچە کانی باکوور”.
ئەسەد پێیوایە سوریا رووبەڕووی چوار جۆر جەنگ بووهتەوە، یەکەمیان جەنگی سەربازی، دووەم جەنگی گەمارۆ، جەنگی سێیەم جەنگی ئینتەرنیت و جەنگی چوارەم جەنگی گەندەڵکارانە.
لەمیانەی چاوپێکەوتنهكهیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە هەموو پاریزگاکانی سوریا ئهسهد روونیکردەوە، کە “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵێکی خراپیان هەبووە لە تێکدانی رەوشی سوریا”.
دوای بڕیاری واشنتۆن بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا، جۆرێک لە نزیکبوونەوە لە نیوان هیزە کوردییەکان و دیمەشق درووست بوو، ئەوهش بەمەبەستی رێگری لە هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان.