بەمەبەستی بەشداری كردن لەدیداری ڕافیدەینی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2019 جێگری سەرۆك وەزیران هەرێم بە سەردانێكی دوو ڕۆژە گەیشتە بەغداد و بڕیارە سبەی بەشداری لەدیداری سەركردەكانی عیراق بكات.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆك وەزیرای هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەك شەممە 3-2-2019 قوباد تاڵەبانی، لەسەر بانگهێشتی ناوەندی ڕافیدەین بۆ دیالۆگ، بەمەبەستی بەشداریی كردن لەدیداری ڕافیدەینی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2019 كە بۆ یەكەمجارە لە بەغداد بەبەشداری سەرۆكایەتییەكانی عیراق و نوێنەری چەندین وڵات و ژمارەیەكی بەرچاو لە وەزیرەكان و پەڕلەمانتاران و دەستەبژێری سیاسی و فیكری و ئەكادیمی ناوخۆ و بیانی ساز دەكرێت، گەیشتە بەغداد.
ڕاشیگەیاندووە، جێگری سەرۆك وەزیران چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ ساز دەكرێت سەبارەت بە پرسە گەرمەكانی گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری و ناوچەكە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، تاڵەبانی چاوی بەچەندین كەسایەتی و بەرپرسی باڵای عیراقی و كەسایەتییە ئەكادیمییەكان و نوێنەرانی بیانی دەكەوێت و دیدگای خۆی و حكومەتی هەرێم لەسەر پرسەكانی چاكسازی و ئابووری و كەرتی وزە و ئایندەی عیراق و پرسەكانی ناوچەكە ڕوون دەكاتەوە.