Home » هەواڵ » جێهان » لافاو چەندین پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی دەگرێتەبەر
لافاو

لافاو چەندین پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی دەگرێتەبەر

بەگوێرەی کەشناسی ئێران شەپۆلێکی نوێی بارانبارینی بەخوڕ لە شەممەوە تاوەکو کۆتایی رۆژی دووشەممە  ئێران دەگرێتەوە و لە 21 پارێزگای ئەو وڵاتە لەوانە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیی جیدیی هاتنی لافاو لە ئارادایە.

کەشناسیی ئێران هەروەها داوای لە هاووڵاتیان و گەشتیاران کردووە لە رۆژانی داهاتوودا بەهیچ شێوەیەک سەردانی پێنج پارێزگای سنە، کرماشان، ئیلام، لوڕستان و هەمەدان نەکەن.

هۆشەنگ بازوەند، پارێزگاری کرماشانیش لە راگەیاندراوێکدا سەبارەت بە ئەگەری هاتنی لافاو هەموو بەرپرسان و دانیشتووانی پارێزگاکەی راسپاردووە لە ئامادەباشیی تەواودا بن.

جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ ئاوەدانکردنەوەش لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک شارەوانیی شاری کرماشان داوای تێکدان و لابردنی پردی ئاسنیی کۆنی سەر رووباری قەرەسووی کردووە. بەڕێوەبەری قەیرانی پارێزگای کرماشانیش داوای لە دانیشتووان کردووە لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا تا بۆیان دەکرێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە.

پێشبینی دەکرێ لە سێ رۆژی داهاتوودا لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵات وەک سنە و کرماشان تاوەکو 100میلیمەتر باران ببارێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت بەفر ناوچە کوێستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا لافاو چەندین پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەبەر و بەوهۆیەوە جگە لە زیانی مادیی زۆر بەتایبەت لە لوڕستان و شیراز و پارێزگەی گوڵستان، زیاتر لە 40 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.