Home » هەواڵ » ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست » هاوسەرۆكی هەدەپە ؛ ئاكپارتی بە شكستهێنان لە چارەسەری دۆزی كورد تۆمەتبار دەکات
سەزای تەمەللی-hivaykurd.com
( Fecri Barlık - ئاژانسی ئانادۆڵو )

هاوسەرۆكی هەدەپە ؛ ئاكپارتی بە شكستهێنان لە چارەسەری دۆزی كورد تۆمەتبار دەکات

لەمیانی كۆبونەوەیەكی پارتەكەی لە شاری ئامەد، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ تەنها هەڵبژاردنی پارێزگار نیە، بەڵكو گشتپرسیەكە بۆ دیموكراسی.

سەزای تەمەللی، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، لەمیانی لێدوانێكیدا لە كۆبونەوەیەكی پارتەكەی لە شاری ئامەد رایگەیاند، “هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ كە بڕیارە لە رێكەوتی 23ی مانگی حوزەیران ئەنجامبدرێت گشتپرسیەكە، بۆ بەدیهێنانی دیموكراسی”.

تەمەللی داوای لە لایەنگرانی پارتەكەی و خەڵك بە گشتی كرد دوبارە بەرامبەر هەریەك لە پارتی داد و گشەپێدان (ئاكپارتی) و پارتی كۆماری گەل (مەهەپە) دەنگبدەن.

 لەبارەی دۆزی كورد و زیندانیانی كورد لە گرتوخانەكانی توركیا و دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) سەزای تەمەللی وتی، “لەم وڵاتەدا ژیانێكی دیموكراتی و چارەسەركردنی دۆزی كوردمان دەوێت، بڕیاردەری ئەو بابەتەش بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلانە و بەهۆیەوە دەبێت گۆشەگیرییكەی هەڵبگیردرێت”.

هاوسەرۆكی هەدەپە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر گۆشەگیریەكەی سەر ئۆجەلان هەڵنەگیرێت، تەواوی وڵاتەكە بە گۆشەگیری مەحكومە و وتیشی، “پێویستە بەشێوەیەكی بەردەوام پارێزەرەكانی و خێزانەكەی ئۆجالان ببینن، چونكە ئەوە داواكاریەكی یاساییە”.

 رونیشیکردەوە، “تاكە رێگا بۆ شكستهێنان بە ئاكپارتی و مەهەپە بە روبەڕوبونەوەی جەنگ و هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان دەبێت”، هاوكات پارتی داد و گەشەپێدانی بە شكستهێنان لە چارەسەری دۆزی كورد تۆمەتباركرد.

لە درێژەی وتەكانیدا هاوسەرۆكی هەدەپە بە دەنگدەرانی راگەیاند، “ئەگەر بردنەوەتان دەوێت دەبێت بڕۆنە پاڵ ئەو زیندانیانەی مانیان لە خواردن گرتوە و بڕیاری رۆژوی تا مردنیان داوە و لەگەڵ دایكیاندا هاودەنگ بن”.

هەفتەی رابردو لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا، بڕیاریدا جارێكی دیكە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی ئیستەنبوڵ لە رێكەوتی 23ی حوزەیران دوبارە بكرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو تانەیەی پارتەكەی ئەردۆغان پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردبو.

لە دواین هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) توانی لە بەرامبەر بینالی یڵدرم، كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان سەركەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام دواتر پارتەكەی ئەردۆغان رایگەیاند، دەنگی خەڵك ساختەكاری تێدا كراوە و داوایانكرد هەڵبژاردنەكە دوبارە بكرێتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.