لەیەكەم كۆبونەوەیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ژمارەیەک بڕیاری دەركردو جەختیشدەكاتەوە، سەرجەم وەزیرەكان و خاوە ن پۆستە باڵاكان دەبێت پابەند بن بە دەوامی رەسمی وەزارەتەكانیان بن و ئاشكراشیدەكات، “سبەینێ وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیران كە وێنەیەكی دەست هیوای کورد كەوتووە، ئەمڕۆ 15ی 7ی 2019ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ، یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجامدا.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سبەینێ 16ی 7ی 2019، وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیاز پاكی سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
دەقی بڕیارەكان:
یەكەم: سەرجەم وەزیرەكان و خاوە ن پۆستە باڵاكان دەبێت پابەند بن بە دەوامی رەسمی وەزارەتەكانیان لە دەستپێكی دەوامی رۆژانی یەكشەممەوە تا كۆتایی دەوامی رۆژانی پێنجشەممە.
دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە كاتی دیاریكراوی دەوامی رەسمی و هیچ كەسێك بۆی نیە لە كاتی دەوامی رەسمیدا شوێنی كاركردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان كارێكی دیكەی دەرەوەی ئەركەكەی جێبەجێ بكات.
سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی كارووباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی كە بە نهێنی پۆلێن دەكرێن، لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان ئاشكرا بكرێن.
چوارەم: دەبێت رووتین لەداموودەزگانی حكومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بكرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سكاڵاو پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا و گونجاو، ئەركی داموودەزگاكانی حكومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشكرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆكاری هەردواكەوتنێك یا رەزامەندی نەدانێك روون و ئاشكرا بێت وپێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاكانی حكومەتدا.
پێنجەم:: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاكانی حكومەتدا هەستی پێدەكرێت، بۆیە بنبڕ كردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەكێك لەكارە لەپێشینەكانی وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێت و سەرپێچیكاران بە تووندی سزا دەدرێن.