ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، پێویستە حكوومەتی عێراق هاوشێوەی كوێت قەرەبووی هەرێمی كوردستان بكاتەوە.
ئەمڕۆ شەموو شەشی تەمووز، بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، عێراق بڕی 48 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری وەك قەرەبووی دەوڵەتی كوێت گەڕاندووەتەوە دوای ئەو جەنگە داگیركارییەی لە 1990 دژی ئەو وڵاتە ئەنجامی دا.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، ئەو پشتگوێخستنەی حكوومەتی نوێی عێراق هەیەتی بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری كیمیاباران و ئەنفالكراوان و خاپووركردنی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان كە هەموو ئەمانە بەدەستوور و یاسا مافی قەرەبووكردنەوەیان جێگیر كراوە، بۆچی نادرێت؟.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر قەرەبوویەكی كوردیش بكرێتەوە هەر هیچ نەبێت هاوتای ئەو بەرنامەیەی كە بۆ قەرەبووكردنەوەی دەوڵەتی كوێت دانراوە، قەرەبووەكەی ناوچە كارەساتبارەكانی كوردستانیش بگرێتەوە.
“داوا لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەم چاودێری هۆكاری جێبەجێ نەكردنی مادەی 132ی دەستوور و یاساكانی تایبەت بەقەرەبووكردنەوە بكەن، وەك ئەركێكی یاسایی بۆ چەسپاندنی دادپەروەری”. شاوێس وای گوت.