سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی هەولێر بەرهەمی دڵسۆزی و شەونخونی ئەو هێزانەیە کە بونەتە پارێزەری ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاندوە، “بە گەرمی دەستخۆشی لە هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆر و ھەمو هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەکەم کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانییان ئەنجامدەرێک و هاوکارانی کردەوە تیرۆریستییەکەی رێستۆرانتێکی هەولێر بدۆزنەوە کە بەداخەوە بوە هۆی گیان لەدەستدانی دیپلوماتکارێکی تورکیا و دو هاوڵاتی هەرێمی کوردستان”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی دڵسۆزی و شەونخونی ئەو هێزانەیە کە بونەتە پارێزەری ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەروەها سوپاسی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە بەردەوام پاڵپشت و هاوکاری دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بون”.
مەسرور بارزانی دەشڵێت، “هەرێمی کوردستان بە کۆششی ئەم رۆڵە دڵسۆزانە و بە ھاوکاریی ھاوڵاتیانمان هەمیشە وەک پێگەیەکی ئارام و سەقامگیر دەمێنێتەوە”.
دوێنێ شەممە دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی مەزڵوم داغ، وەک تاوانباری سەرەکی ھێرشەکەی شاری هەولێری راگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێکیش دەستگیرکردنی هاوکارێکی مەزڵوم داغ-ی راگەیاند.