بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند، 11ی ئەم مانگە یەکەمەین کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتی سعودیە بەڕێدەکەوێت.
نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی وەزارەتی ئەوقاف لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە 11ی تەموز 376 حاجی لە ھەولێر و ھەمان رۆژ لە سلێمانی 188 حاجی بۆ شاری مەدینە بەڕێدەکەون.
ساڵانی رابردو پێنج هەزار و 800 حاجی سەردانی عەرەبستانی سعودیەیان دەکرد، لە هەرێم، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە زیادبوە بۆ حەوت هەزار حاجی.
پێشتر وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی رایگەیاندبو، بۆ ئەمساڵ ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ حەوت هەزار حاجی زیادکراوە، ئەوەش دوای سەردانێکی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت بۆ وڵاتی سعودیە کە پشکی عێراق زیادکرا.
ساڵانە حاجیانی هەرێمی کوردستان رو دەکەنە مەککەی پیرۆز بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، هەریەکە چوار هەزار و 200 دۆلاریان لێوەدەگیرێت، ئەوە جگە لەو کەسانەی کە حەجی بازرگانی ئەنجامدەدەن و نرخەکە زیاتر لە هەشت دۆلاری ئەمریکی.