حكومەتی هەرێم لەبەردەم دوو ئەگەری چارەنووسازدایەو ئەندامێكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت: ئەگەر هەرێم رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكات، دۆخی خەڵك لە 2020 زۆر باشتر دەبێت، ئەگەر رێككەوتنیش نەكات، دۆخەكە خراپتر دەبێت.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەگەر هەرێم رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكات و پڕۆژەیاسای چاكسازی لەپەرلەمانەوە تێپەڕێنرێت و داهاتی ناوخۆ رێكبخرێتەوە، دۆخی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2020 زۆر باشتر دەبێت، ئەگەر رێككەوتنیش لەگەڵ بەغدا نەكرێت، دۆخەكە خراپتر دەبێت.
وتیشی: “ناتوانین پێشبینی یەكێك لەئەگەرەكان بكەین، چونكە لەئێستادا هەرێم لەگفتوگۆدایە لەگەڵ بەغدا و نازانین رێككەوتن دەكرێت یان نا”.
سەبارەت بەپاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، عەلی حەمەساڵح وتی: “لەڕێگەی پڕۆژەیاسای چاكسازی و چەند پڕۆژەیەكی دیكەشەوە كە ئامادەی دەكەین، هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچە دەدەین، لەگەڵ حكومەتیش قسە دەكەین بۆئەوەی قۆناغ بە قۆناغ ئەو پاشەكەوتی موچەیە بدرێتەوە”.
وتیشی: “پڕۆژەیاسای چاكسازی لیژنەیەكی بۆ پێكهێنراوەو تاوەكو 1ی 9 تەواو دەبێت، لەم خولەدا پڕۆژەكە پەسەند دەكرێت، كە رۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، چونكە بەشێكی پڕۆژەكە ئابووری و داراییە، بەشەكەی دیكەی پەیوەندی بەدادپەروەرییەوە هەیە”.