Home » هەواڵ » جێهان » شكستی به‌ریتانیا به‌رانبه‌ر ئێران
ئالای به‌ریتانیا -ئالای ئێران

شكستی به‌ریتانیا به‌رانبه‌ر ئێران

ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا له‌ چواری ته‌مووزی ئه‌مساڵ دوای گرتنی كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی ئێران له‌ گه‌رووی جه‌به‌ل تارق، به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕ و ململانێی دیپلۆماسی و سیاسی فره‌وانیان له‌گه‌ڵ ئێران كرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌رزوو ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ چوو و دۆسیه‌كه‌یش به‌ پاشه‌كشه‌ی به‌ریتانیا له‌ گرتنی كه‌شتییه‌ ئێرانییه‌ ده‌ستی پێكرد و دواجاریش كه‌شتییه‌كه‌ی ئازاد كرد، به‌ڵام تا ئێسته‌یش كێشه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ی ئێران ته‌واو نه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ریكا به‌ دواوه‌یه‌تی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست.

له‌ پێنجشه‌می ڕابردووه‌وه‌ دادگای جه‌به‌ل تارق فه‌رمانی ئازادكردنی كه‌شتی گرێس یه‌كی ئێرانی ده‌ركرد و دۆسیه‌ یاساییه‌كه‌ی داخست، به‌ڵام پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌ ته‌ناهییه‌كان تا ئێسته‌ به‌دوای ئه‌و كه‌شتییه‌وه‌ن و به‌ وردی چاودێری ده‌كه‌ن، كه‌ ئێسته‌ ئێران ناوی كه‌شتییه‌كه‌ی له‌ گریس 1ه‌وه‌ بۆ ئادریان ده‌ریا1 گۆڕیوه‌ و به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست پێشڕه‌وی ده‌كات.

هه‌رچه‌نده‌ ئامانجی كه‌شتییه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ سنووره‌ ئاوییه‌كانی سووریا و به‌تاڵكردنی ئه‌و باره‌ نه‌وته‌ی پێیه‌ی له‌ كه‌ناراوه‌كانی سووریا، به‌ڵام ئێسته‌ پلانی ئه‌و كه‌شتییه‌ گۆڕاوه‌ و هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌چێته‌ به‌نده‌ره‌كانی یۆنان و له‌وێ ده‌گیرسێته‌وه‌، به‌ڵام یۆنان ئه‌وه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ هاتنی كه‌شتی ئادریان ده‌ریا1ی ئێرانی بۆ سنووره‌ ئاوییه‌كانی.

له‌باره‌ی هۆكاری ئازادكردنی كه‌شتییه‌كه‌یش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ عه‌باس موسه‌وی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ ئازادكردنی كه‌شتییه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ریتانیا به‌رانبه‌ر هیچ نه‌بووه‌، به‌ڵكوو دادگای جه‌به‌ل تارق خۆی ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌ركردووه‌ و تارانیش پێشوازی لێ ده‌كات.

زیاتر گوتی، ئامانجی كه‌شتییه‌كه‌ گه‌یاندنی ئه‌و باره‌ نه‌وته‌یه‌ بۆ سووریا، تاران به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له‌ دیمه‌شق ده‌كات و گه‌یاندنی ئه‌و هاوكارییه‌ش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی دیمه‌شقه‌ له‌ نه‌وت و وزه‌.

هاوكات وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكا فه‌رمانی ده‌ركرد بۆ گرتنی كه‌شتییه‌كه‌ی ئێران، به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی یاسا و ڕێككه‌وتنی ده‌ریاوانی نێوده‌وڵه‌تی پێشێل كردووه‌ و كار ده‌كات بۆ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و مامه‌ڵه‌كردن به‌شێوه‌یه‌كی یاساغ و ڕه‌ش له‌ بازاڕی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، هاوكات دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌شتییه‌كه‌ سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ و ئه‌و سوپایه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ خراوه‌ته‌ لیستی تیرۆر.

له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش، به‌ڵام وڵاتانی ئه‌وروپا ڕه‌تیان كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام بن له‌ گرتنی ئه‌و كه‌شتییه‌، بۆیه‌ ئازادیان كرد و ئێسته‌یش كه‌شتییه‌كه‌ له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست جووڵه‌ ده‌كات، به‌ وازهێنانی به‌ریتانیا له‌و كه‌شتییه‌ی ئێران، دۆخی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌ ده‌ڕۆن، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ پێكدادان و جه‌نگیش له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات دروست ببێ، به‌هۆی گرتنی دوو كه‌شتی به‌ریتانی له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداو له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ریتانیا بۆ وازهێنان له‌ كه‌شتییه‌ ئێرانییه‌كه‌ به‌ فشار و ڕه‌زامه‌ندی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و وڵاتانی ئه‌ندام له‌و یه‌كێتییه‌ بوو، چونكه‌ ئه‌وان تا ئێسته‌یش ده‌یانه‌وێ بێلایه‌نی خۆیان له‌ گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران بپارێزن و پابه‌ندبوونی خۆیان به‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پابه‌ندبوونی خۆیان به‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگه‌یاندووه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌یش ئه‌وه‌ی واشنتن ده‌یه‌وێ به‌ وردی به‌دیان نه‌هێناوه‌، نه‌چوونه‌ته‌ پاڵ ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه‌ی ئه‌مه‌ریكایان قبووڵ نه‌كردووه‌، بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبه‌شی ده‌ریایی نێوده‌وڵه‌تی له‌ كه‌نداو بۆ پاراستنی كه‌شتییه‌ نه‌وتی و بازرگانییه‌كان له‌ هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران.

شاره‌زایان و پسپۆران دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌و ململانێیه‌دا، شانشینه‌ یه‌كگرتووه‌كانی به‌ریتانیا تووشی شكست بوو و له‌ هه‌نگاوه‌كانی په‌شیمان بووه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا گرژییه‌كی گه‌وره‌ و بێ هاوتای دروست كرد و مه‌ترسی هه‌ڵایسانی جه‌نگ زۆر نزیك بووه‌وه‌، به‌ڵام دواجار پاشه‌كشه‌ی كرد و به‌ ته‌واوی گه‌ڕایه‌وه‌ دواوه‌.

هاوكات هێما بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كه‌ن، كه‌ جیا له‌وه‌ی به‌ریتانیا كه‌شتییه‌ ئێرانییه‌كه‌ی له‌ جه‌به‌ل تارق ڕزگار كرد، به‌ڵام تا ئێسته‌یش ئێران ئاماده‌ نییه‌ كه‌شتی ستینا ئه‌مپێرۆ ڕزگار بكات، كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاسدارانه‌وه‌ له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداو هێرشی كرایه‌ سه‌ر و گه‌مارۆ درا و گیرا، ئه‌مه‌یش به‌ گه‌وره‌ترین شكستی له‌نده‌ن و حكوومه‌تی نوێی به‌ریتانیا داده‌نێن، دوای هاتنی بۆریس جۆنسۆن بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی به‌ریتانیا.

هینری رۆما شاره‌زای سیاسی ئێران و ئیسرائیل له‌ گرووپی ئۆراسیا دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ بێ ڕزگاركردنی كه‌شتییه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئێران، گه‌وره‌ترین زیان به‌ر له‌نده‌ن كه‌وتووه‌ و له‌ ڕووی دیپلۆماسییه‌وه‌ تووشی ئابڕووچوونێكی گه‌وره‌ بووه‌، به‌ڵام به‌ ڕوونی باسی لێوه‌ناكرێ و هۆكاری ئازادكردنه‌كه‌ی له‌سه‌ر خۆی لاداوه‌ و خستوویه‌تییه‌ سه‌ر دادگای جه‌به‌ل تارقه‌وه‌.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.