Home » هەواڵ » جێهان » ئەحمەد داود ئۆغلۆ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئاکپارتی راگەیاند
ئەحمەد داود ئۆغلۆ

ئەحمەد داود ئۆغلۆ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئاکپارتی راگەیاند

ئەمڕۆ (هەینی)، ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوتری توركیا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا راگەیاند.

ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوە كردوە كە راگەیاندنی دەستلەكاركێشانەوەكەی داود ئۆغلۆ پاش چەند رۆژێك دێت لەوەی كە دۆسیەی ناوبراو رەوانەی ئەنجومەنی لێپرسینەوە كراوە لەناو پارتی داد و گەشەپێدان و هەروەها داوای لابردنی كراوە لەنێو ریزەكانی ئاكپاتی.

پێشتریش بەرپرسێكی توركی ئاماژەی بەوە كردبو كە پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا دەیەوێت داود ئۆغلۆ و سێ پەرلەمانتاری ئەو پارتە لەنێو ریزەكانی دەربكات.

بەرپرسی لیژنەی ناوەندی پارتی داد و گەشەپێدان لە كۆبونەوەیەكی لیژنەكەدا داوایكردبو كە هەریەك لە ئەحمەد داود ئۆغلۆ و پەرلەمانتاران ئەیهان سەفەر ئۆستۆن و سەلجوق ئۆزداخ و عەبدوڵا باشچی لەریزەكانی پارتەكە دەربكرێن، ئەمەش پاش بڵاوبونەوەی ئەو راپۆرتانەی كە ئاماژەیان بە هەوڵەكانی ژمارەیەك پەرلەمانتار كرد بۆ جیابونەوە لە ئاكپاتی و پێكهێنانی پارتێكی سیاسی نوێ وەك ركابەری ئاكپارتی بەتایبەت پاش ئەو شكستەی لە هەڵبژاردنی رابردوی شارەوانییەكانی توركیادا لە شاری ئیستەنبوڵ بەسەر ئاكپارتی هات.

ئەحمەد داود ئۆغلۆ بە یەكێك لە گەورە بەرپرسانی پێشوی دەوڵەتی توركیا دادەنرێت و لە ساڵانی (2009 – 2014) وەزیری دەرەوەی توركیا بوە و لە ساڵانی (2014 – 2016) سەرۆك وەزیرانی توركیا بوە و پێشتر دۆست و نزیكی رەجەب تەیب ئەردۆغان بوە، بەڵام لە ماوەی رابردودا چەندین رەخنەی لە سیاسەتی ئاكپارتی و رۆڵی حكومەت گرت پەیوەست بە دۆخی ئابوری و هەروەها رەخنەی لە خودی رەجەب تەیب ئەرۆدغان گرت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.