Home » هەواڵ » جێهان » داوا له‌ حكوومه‌تی توركیا ده‌كرێت واز له‌ بازرگانی به‌ كچه‌ په‌نابه‌ر سوورییه‌كان بهێنێ
كچه‌ په‌نابه‌ر

داوا له‌ حكوومه‌تی توركیا ده‌كرێت واز له‌ بازرگانی به‌ كچه‌ په‌نابه‌ر سوورییه‌كان بهێنێ

له‌ڕێی هاشتاگێكه‌وه‌ كه‌ چالاكی سووری بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، داوا له‌ حكوومه‌تی توركیا ده‌كه‌ن، واز له‌ بازرگانی به‌ كچه‌ په‌نابه‌ر سوورییه‌كانی ناو وڵاته‌كه‌یان بهێنێ و ناچاریان نه‌كات شوو بكه‌ن.

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ره‌وه‌، هاشتاگێك بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، داوا له‌ ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و حكوومه‌تی سووریا ده‌كات، چیتر بازرگانی به‌ كچانی سوورییه‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ وه‌ك ئاواره‌ له‌ وڵاته‌كه‌یان نیشته‌جێن و ده‌یانه‌وێ سنوورێك بۆ ئه‌و دۆخه‌ دژواره‌ی تێیدان وێڕای ئاواره‌یی، دابنرێ.

له‌وه‌ته‌ی شه‌ڕی سووریا ده‌ستی پێ كردووه‌، به‌ ملیۆنان هاووڵاتیی ئه‌و وڵاته‌، به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان، عێراق، توركیا، ئوردن، لبنان و چه‌ند وڵاتێكی تری ناوچه‌كه‌ هه‌ڵاتوون و ژماره‌یه‌كیشیان توانیویانه‌ بگه‌نه‌ ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی تری ئه‌وروپی بۆ ئه‌وه‌ی مافی په‌نابه‌رێتییان ده‌ست بكه‌وێ. ئه‌م هه‌موو ژماره‌یه‌ش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كۆچۆچی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ مێژوودا، ده‌یان گرفتی ته‌ناهی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ دروست كردوون.

توركیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ زۆرترین ئاواره‌ی سووری گرتووه‌ته‌ خۆی و به‌شێكیان له‌ كه‌مپه‌كاندان و به‌شێكی تریشیان چوونه‌ته‌ ناو شاره‌كان و تێكه‌ڵی ژیانی ئاسایی بوون و به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌یان خاوه‌ن پیشه‌ن، هه‌لی كاریان زوو بۆ ڕه‌خساوه‌.

سه‌ره‌تای مانگی ڕابردوو، له‌میانی كردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌یه‌كی ئه‌رسۆزسكی له‌ شاری ئیسته‌نبووڵ، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا گوتی، ئێمه‌ هه‌رگیز جیاوازیمان له‌نێوان گه‌ل و ئایینه‌كاندا نه‌كردووه‌ و هه‌میشه‌ دڵمان و ده‌رگه‌مان به‌ڕووی لێقه‌وماواندا كراوه‌ بووه‌ له‌ ئیسپانیا و باكوری ئه‌فه‌ریقاش خه‌ڵكی هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ بكه‌نه‌ شوێنی داڵده‌دانیان. ئێمه‌ له‌ توركیا ئێسته‌ چوار ملیۆن برای مسوڵمانی خۆمان كه‌ له‌ عێراق و سووریاوه‌ هاتوون له‌ عه‌ره‌ب، كورد و توركمان داڵده‌ داوه‌، ئه‌مه‌ جیا له‌ سریانی و ئێزییه‌كان و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش كه‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاینی جیاوازن.

ئه‌م قسانه‌ی ئه‌ردۆغان سه‌باره‌ به‌ یه‌كسانی و مافی نه‌ته‌وه‌ و گه‌لی جیاواز له‌ كاتێكدایه‌، گرتووخانه‌كانی پڕن له‌وانه‌ی تۆمه‌تی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ڕه‌وتی فه‌تحوڵا گوله‌نیان له‌سه‌ره‌، یان ئه‌و كوردانه‌ی به‌ناوی تێوه‌گلان له‌ په‌كه‌كه‌ گیراون. ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی، به‌پێی ئه‌و هاشتاگه‌ بێت، توركیا بازرگانی به‌و ئاوارانه‌وه‌ كردووه‌.

له‌ هاشتاگی “#تركیا_تتاجر_بالسوریات”دا، سه‌دان كه‌س به‌شدارییان كردووه‌ و تێیدا هه‌ندێكیان به‌ڵگه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ كچانی سووری هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیرییان پێ بكه‌ن، یان به‌ شێوه‌ی دیكه‌ به‌كاریان هێناون.

پێشتر له‌ ساڵی 2016 ڕاپۆرتێكی نێوده‌وڵه‌تی باسی ئه‌و دۆخه‌ی كرد، دواتریش له‌ ساڵی 2017 ڕۆژنامه‌ی “تایمز”ی به‌ریتانی هه‌مان دۆسییه‌ی ورووژدان، به‌ڵام هه‌ر زوو حكوومه‌تی توركیا ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و به‌ نادروست وه‌سفی كردن. هه‌موو ڕاپۆرته‌كانیش له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ كۆكن كه‌ به‌ شێوه‌ی فریودان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كچانه‌دا كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شوویان بده‌ن و شێوه‌كه‌شی زیاتر له‌ فرۆشتن چووه‌ و كڕیاریش خاوه‌ن مه‌رج بووه‌ و كچه‌كه‌ هیچ مه‌رجێكی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌ و نرخیش دیاریكراو بووه‌. له‌ چه‌ند ڕاپۆرتێكی ئه‌ڵمانیشدا ئه‌مه‌ به‌ ڕوونی باس كراوه‌.

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌، ڕاپۆرتی جۆراوجۆر له‌ دژی حكوومه‌تی توركیا زیادیان كردووه‌. دوێنێ یه‌كشه‌م، ماڵپەڕی “ئینفستیگیتیڤ جۆرناڵ”ـی ئەمەریكی، راپۆرتێكی لەسەر پێوەندییەكانی نێوان توركیا و داعش و قاعیدە بڵاوكردەوە و تێیدازۆرێك لە چەندان بەڵگەنامەی دەنگیش بڵاو كراوەتەوە كە تێوەگلانی سەرانی توركیا بە داعش و گرووپە تیرۆریستییەكان دەسەلمێنێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.