سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، تورکیا دژایەتی پلانی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەکات، بۆ بەرگریکرن لە دەوڵەتانی بەڵتیق و هۆڵەندا، ئەگەر لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی ناتۆدا، کە لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، “یەپەگە بە تیرۆریست نەناسێنێت”.
پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و هاوپەیمانی ناتۆ لە چەندین بابەتدا بەرەو ئاڵۆزی رۆیشتوە، بەهۆی ئەو سیاسەتەی تورکیا بەرامبەر سوریا پەیڕەوی دەکات، هەروەها بەکڕینی سیستەمی دژە موشەکی S-400ی روسی، پاشان بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی سوریای دیمەوکرات (هەسەدە)، کە هاوپەیمانی ئەمریکا بون لەدژی داعش.
تورکیا پێشنیازی هاوپەیمانی ناتۆی رەتکردەوە، بۆ هاوکاریکردن لە بەهێزکردنی بەرگری پۆڵەندا و بەڵتیق، تا ئەوکاتەی هاوپەیمانێتی ناتۆ پشتگیری دەکەن لە بەرەنگاربونەوەکانی تورکیا لەدژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە تورکیا بە تیرۆریست ناویان دەبات.
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆ کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانی ناتۆ، کە ئەمڕۆ لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا بەڕێوەدەچێت رایگەیاند، شەوی رابردو پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە ئەنجامداوە، بۆ هاوکاریکردنی تورکیا بۆ بەهێزکردنی بەرگری پۆڵەندا و بەڵتیق، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی هەردو دەوڵەتەکەدا دەکات.
ئەردۆگان باسی لەوەشکرد، “بەخۆشحاڵییەوە گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکەین لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆدا، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانێتیەکە یەکینەکانی یاراستنی گەل (یەپەگە)، وەک تیرۆریست نەناسێنن تورکیا لەدژی هەر پلانێک دەوەستێتەوە کە بۆی پێشنیاز دەکەن”