بەرپرسی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەستلەكاركێشانەوەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، “خەونی ڕكابەرەكانی هێنایەدی”.
كیفاح مەحمود، بەرپرسی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاندووە، “دوای ئەوەی بە دەستلەكاركێشانەوەی، خەونی ڕكابەرانی عادل عەبدولمەهدی هاتەدی، خۆپیشاندانەكان هێوربوونەوە و پێكداهەڵپژانەكان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كەمبوونەوە”، دەستلەكاركێشانەوەكەی عەبدولمەهدیشی بۆ گوشاری مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە عیراق گەڕاندەوە.
بە وتەی بەرپرسی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی بارزانی، “واپێدەچێت ئامانج لە لابردنی عەبدولمەهدی، گەڕانەوە بێت بۆ كورسی سەرتاش و ئەشكەوتەكەی عەلی بابا، بۆیە خۆپیشاندەران هیچ پەیوەندیەكیان بەهەموو ئەو شانۆگەرییەوە نییە”.
لە دوای وتاری ڕۆژی هەینی ڕابردووی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە نەجەف، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئاماژەی بە خواستی پێشكەشكردنی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی كرد لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت و پەڕلەمانیش، لە یەك شەممەی ڕابردوودا 1ی كانوونی یەكەمی 2019، ڕەزامەندی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكە دەربڕی.