Home » هەواڵ » کوردستانی » “دەرماڵەى فەرمانبەران كەمدەكرێتەوە”
هیوا سەید سەلیم

“دەرماڵەى فەرمانبەران كەمدەكرێتەوە”

پڕۆژەیاسای چاكسازی بەو شێوەیەی كە خوێندنەوەی دووەمی بۆ كراوە پەسەند بكرێت مەترسی لەسەر بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران زیاد دەكات بە ناوی “ڕێكخستن”ەوە، چونكە بە ئاشكرا لە پڕۆژەكەدا باسكراوە و تەنها دەرماڵە یاساییەكان دەمێنێنەوە، لەكاتێكدا زۆربەی دەرماڵەی فەرمانبەران بە بڕیاركراون نەك بە یاسا.

هیوا سەید سەلیم، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندامی گروپی دادپەروەری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، پڕۆژەكە چەندین”حیلەی شەرعی” تێدایە كە بۆ بڕینی دەرماڵە و كەمكردنەوەی مووچە زۆر زیرەكانە دانراون و لە قۆناغەكانی داهاتوودا دەسەڵاتی حكومەت دەكاتەوە بۆ كەمكردنەوەیان.

وتیشی”پێویستە ڕایگشتی كوردستان لە ئاست ئەم ناحەقیەدا بێدەنگ نەبێت، دەرماڵەی فەرمانبەران لەبەردەم مەترسی گەورەدایە و هێشتا كات ماوە بۆ ئەوەی ڕێگری لێبكرێت، بەڵام ئەگەر بوو بە یاسا زۆر قورس دەبێت، بۆیە دەبوو خەڵك و فەرمانبەران بێنە سەر شەقام و ڕێگری لێبكەن”.

پڕۆژەیاسای چاكسازی لەكاتێكدا بووەتە هەڕەشە لەسەر دەرماڵەی فەرمانبەران و كێشە بۆ كەسوكاری شەهیدان دروست دەكات، نەیتوانی كێشەی مووچەی پلەباڵاكان و خانەنشینی پەرلەمانتاران و وەزیرەكان كۆتایی پێبهێنێت و بەپێی پڕۆژەكە بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی تەمەن و خزمەت هەموویان دەتوانن خانەنشین ببن.

ناوبراو هەر لە قسەكانیدا ڕونیكردەوە، یەكسان و عەدالەت لەبەرچاو نەگیراوە، چونكە بۆ پلەباڵاكان مووچە و دەرماڵە بۆ خانەنشینی لەبەرچاوگیراوە و بۆ فەرمانبەرانی ئاسایی تەنها مووچەی بنەڕەتی”تەنها ئەوە بەسە بۆ ئەوەی تانە لە نادادی بدەی لە پڕۆژەكە!”

هێشتنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیرەكان لەكاتێكدایە مووچەی هەریەكێكیان 8 ملیۆن و 200 هەزار دینارە و بەپێی پڕۆژەیاسای چاكسازیش هەموویان دەتوانن خۆیان خانەنشین بكەن، لەكاتێكدایە تێیاندایە تەمەنی تەنها 30 ساڵە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.