Home » هەواڵ » عێراق » هێزە سیاسییە شیعەكان، پرسی سەرۆك وەزیران یەكلادەکەنەوە
هێزە سیاسییە شیعەكان

هێزە سیاسییە شیعەكان، پرسی سەرۆك وەزیران یەكلادەکەنەوە

جیا لەو پەرەسەندنەی دوایی نێوان ئەمەریكا و ئێران كە گۆڕەپانەكەی خاكی عێراق بوو و كاری كردە سەر تەواوی دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە، خۆپێشاندانەكان بەردەوامن، هاوكات هێزە سیاسییەكانی شیعە دەیانەوێت بە هاوشێوەی تێپەڕاندنی پڕۆژەبڕیارێك لەناو پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان، پرسی سەرۆك وەزیرانیش یەكلا بكەنەوە.

هێزە سیاسییە شیعەكان سوود لە كۆدەنگیان وەردەگرن

فازڵ جابر پەرلەمانتاری هاوپەیمانی “فەتح” سەر بە هادی عامری ئاشكرای دەكات كە كۆبوونەوەی چڕی هێزە سیاسییەكان هەیە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران، بۆیە پێشبینی دەكرێت هێزە سیاسییەكان لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا كاندیدێك پێشكەیش بكەن. روونی كردەوە، كە تا ئێستە كاندید پێشكەیش نەكراوە بەهۆی سەرقاڵبوونی پەرلەمان و حكوومەت بە هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حەشدی شەعبی بووە.

زیاتر گوتی، هەموو ئەو ناوانەی بۆ پۆستەكە خرابوونە روو، بەهۆی قبووڵنەكردنیان لەلایەن هێزە سیاسییەكان و خۆپێشاندەرانەوە رەت كرانەوە، بۆیە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو هێزە سیاسییەكان كاندیدی نوێ دەخەنە روو بۆ پۆستەكە.

لای خۆیەوە محەمەد كەریم پەرلەمانتارێكی تری “فەتح”، روونی كردەوە، ئەو هێزە سیاسییانەی دەنگیان لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دا خەریكی نزیكبوونەوەن بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

زیاتر گوتی، هێزە سیاسییەكان دوای هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر حەشدی شەعبی دركیان بەوە كردووە پێویستە بەپەلە پرسی سەرۆك وەزیران یەكلا بكرێتەوە، بۆیە ئەو هێزانەی دەنگیان بە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا دا، دەیانەوێ ناكۆكییەكانیان یەكلا بكەنەوە و لە رۆژانی داهاتوو كەسێك وەك كاندید دیاری دەكرێت.

ئەمە و ئەمڕۆ ئەسعەد مورشیدی پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتیمانی شیعە رای گەیاند كە عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتەكە داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی هێزە شیعەكانی كردووە بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، بۆیە پێشبینی دەكرێت بەهۆی پەرەسەندنی دۆخەكەوە و پێویستی بوونی حكوومەتێكی تەواو، لە دوو رۆژی داهاتوو كەسێك بۆ پۆستەكە دیاری بكرێت.

خۆپێشاندەران تەواوی كاندیدی هێزە سیاسییەكانی شیعەیان رەت كردەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە دواترینیان عەبدولغەنی ئەسەدی و رەحیم عوگەیلی بوون كە سەدرییەكان ویستیان لە گۆڕەپانی تەحریر بەناوی خۆپێشاندەران بیانخەنە روو، بەڵام ئەوانیش رەت كرانەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.