Home » هەواڵ » عێراق » پەڕلەمانتارێك: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلایی دەبێتەوە
پەرلەمانی عیراق

پەڕلەمانتارێك: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلایی دەبێتەوە

پەڕلەمانتارێكی هاوپەیمانیەكەی موقتەدا سەدر ئاشكرای دەكات، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلایی دەبێتەوە و بە وتەی سەرچاوەكانیش، “دوو كەس بۆ پۆستەكە كاندیدن” و پەڕلەمانتارێكی هاوپەیمانیەكەی عەبادی جەختدەكاتەوە، كە عەبدولمەهدی چانسی دووبارە كاندیدبوونەوەی نەماوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (ئیندپێندێنت)ی بەریتانی ڕاگەیاندووە، ڕێككەوتنی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لەگەڵ مقتەدا سەدر، سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون بۆ تێپەڕاندنی كێشەی ناونانی گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی، كە لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدییەوە دروست بووە دەبێتە هۆی بەرهەمداركردنی گفتوگۆكانی نوێنەرانی كوتلە سیاسیەكان و بەهۆیەوە چەند ناوێك دیاری دەكرێن و دەخرێنە بەردەم كوتلەكانی پەڕلەمان بە سوننە و كوردیشەوە بۆ دیاری كردنی كەسایەتییەك بۆ سەۆك وەزیران و پێدانی بە سەرۆك كۆمار بۆ ڕاسپاردنی.

ڕاشیگەیاندووە، هەرچەندە تا ئێستا ناوەكان بەتەواوی ئاشكرا نەكراون، بەڵام ئەوەی باس دەكرێت ئەوەیە، كە هاوپەیمانی فەتح بەنیازە چەند ناوێك بخاتە بەردەم كوتلە پەڕلەمانیەكان، كە بریتین لە عەلی شوكری، ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار و محەمەد تۆفیق عەللاوی، وەزیری پێشووی پەیوەندییەكان.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر ڕێككەوتنی تەواوەتی بكرێت لەسەر ناوێكی دیاری كراو، ئەوا دەست دەكرێت بە دیاری كردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دانانی بەرنامەی حكومەتی كاتی.

هاوكات، نەدا شاكر جەودەت، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر ئاماژەی بەوەكرد، هێوربوونەوەی دۆخی سیاسی دەربارەی هەڵبژاردن و دیاری كردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆك وەزیران بەهۆی گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكانەوە بەتایبەتیش دوای كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس و پێشێل كردنی سەروەری عیراق.

ڕاشیگەیاند، كوشتنی موهەندیس بووە هۆی یەكخستنی ناوماڵی شیعە لەناو پەڕلەمان.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەیەكتری دیاری كردنی كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران بەخێرایی ئەنجام دەدرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دیاری دەكرێت.

دەربارەی كاندید كردنی عەبدولمەهدی بۆ سەرۆك وەزیران، نەدا شاكر جەودەت وتی، “ئەوە كارێكی نەگونجاوە و شتی لەوجۆرە ڕوونادات، چونكە خۆپیشاندەران حكومەتی ئێستایان ڕەتكردەوە”.

لای خۆشیەوە، ڕیاز مەسعودی، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون وتویەتی، “هێزە سیاسییە شیعیەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، كە پێویستە كەسایەتی گونجاو دیاری بكرێت بۆ قۆناغەكە بەدەر لە خواستی حزبە سیاسیەكان تاوەكو قۆناغی چەقبەستوویی سیاسی تێپەڕێت بەرەو جوڵەیەكی كرداری بۆ دیاری كردنی سەرۆك وەزیران”.

ئەوەشی دووپات كردۆتەوە، كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كێشەی دیاری كردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو چارەسەر دەبێت بەپێی ئەو تایبەتمەندیانەی گەل و مەرجەعیەتی ئایینی دەیانەوێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.