Home » هەواڵ » عێراق » زیادكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ره‌تده‌كرێته‌وه‌
هێزه‌كانی ئه‌مریكا - عێراق

زیادكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ره‌تده‌كرێته‌وه‌

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری پەرلەمانی عێراق ناردنی هێزی زیاتری ئه‌مریكا بۆ عێراق له‌ژێر ناوی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) ره‌تده‌كاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت، رێكکه‌وتن هه‌یه‌ بۆ ده‌ركردنی سه‌رجه‌م هێزه‌ بیانیه‌كان له‌ عێراق.

محه‌مه‌د ره‌زا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری پەرلەمانی عێراق له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاندوه‌، پێشوازی له‌ هه‌نگاوه‌كه‌ی ینس ستۆلتنبێرگ، ئه‌مینداری گشتی ناتۆ له‌ روی فراوانتركردنی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یان له‌ عێراق و زیادكردنی مه‌شق و راهێنانه‌ سه‌ربازیه‌كانیان له‌روی كردنه‌وه‌ی خولی سه‌ربازی بۆ ئه‌فسه‌رانی عێراق دەکەن، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ زیادكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا نین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی فراوانكردنی هاوپه‌یمانێتی ناتۆوه‌ هێزه‌كانی له‌ عێراق زیاد بكات، كه‌ ئه‌وه‌ “قبوڵكراو نیه‌ و رێگه‌ی پێناده‌ین”.

پێنجی مانگی رابردو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاریدا هێزی وڵاتانی بیانی و له‌ نێویشیاندا ئه‌مریكا له‌عێراق بكشێنه‌وه‌، به‌رپرسانی ئه‌مریكاش هۆشداری ده‌ده‌ن،  ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێبكرێت، سزای ئابوری و ئه‌منی به‌سه‌ر عێراق ده‌سه‌پێنن.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، دڵنیایی عێراقیه‌كان له‌وه‌دایه‌، هێزه‌كانی سوپای ئه‌مریكاو سوپای هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی خاكی ده‌ربچن.

رونشیکردەوە، رێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ حكومه‌تی عێراق هه‌یه‌، كه‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان و داواكاری هاوڵاتیانی عێراق بۆ ده‌ركردنی هێزه‌بیانیه‌كان و له‌نێویشیاندا هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق جێبه‌جێبكات.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.