شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق رایگەیاند، شەوی رابردو سێ موشەک لەناوچەی سەوزی بەغدا کەوتنەخوارەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە ژمارەیەک موشەک کراوەتە ئامانج و دوای زەنگی ئاگادارکردنەوەش رێوشوێنی ئەمنی لە نزیک شوێنی روداوکە گیراوەتەبەر.
شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکردوە، شەوی رابردو چوار موشەک لە جۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی ناوچەی سەوز بەغدا کراون و یەکێک لە موشەکەکان لە نێو بارەگای لۆجستی حەشدی شەعبی کەوتوەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کەوتنەخوارەوەی موشەکەکان هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوە.
دوای ئاڕاستەی کردنی ئەو موشەکانەش، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرجەم بەش و ناوچەکانی نیشتەجێبونی تایبەت بە کارمەند و دبلۆماتکارانی ئەمریکی کە لە باڵیۆزخانەکەدا کار دەکەن لێدرا.
بنکە و بارەگا سەربازی و نوێنەرایەتییە دبلۆماسییەکان ئەمریکا لە عێراق لە سەرەتای ئەم مانگەوە 19 جار کراونەتە ئامانج، پێنجشەممەی رابردوش بنکەی سەربازی کەی وەن لە کەرکوک کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێبون کرایە ئامانج.