Home » هەواڵ » کوردستانی » مەسرور بارزانی: داعش بەتەواوی لەناونەچوە
مەسرور بارزانی

مەسرور بارزانی: داعش بەتەواوی لەناونەچوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داعش لەناونەچوە و لەبنەڕەتەوە لەناونەبراون، لە هەندێک ناوچەی سنوری نێوان  هەرێمی کوردستان و ئەوبەشەی لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی فیدراڵیدایە، بەردەوام تێرۆریستەکان ئامادەبونیان هەیە، دەشڵێت، “ئێستا خەریکی خۆرێکخستنەوەیە”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی La Republica ی ئیتاڵی رایگەیاند،  “داعش لەناونەچوە و لەبنەڕەتەوە لەناونەبراون، لە هەندێک ناوچەی سنوری نێوان  هەرێمی کوردستان و ئەوبەشەی لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی فیدراڵیدایە، بەردەوام تێرۆریستەکان ئامادەبونیان هەیە، تەنانەت پەیوەندیان لەگەڵ گروپەکانی سوریاشەوە هەیە، هەروەها لە عێراق تائێستا فاکتەرەکانی بەرهەمهێنانەوەی تێرۆر هەرماون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی پشتگیریی حکومەتی ئیتاڵیای دەکەن کە لە روی سەربازی و بەتایبەتی راهێنان بە پێشمەرگە زۆر هاوکاریان پێشکەش کردوە، “من لە رۆما بەرپرسانی ئیتالی دەڵێم کە پێویستە ئیتالیا وەک بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان نابێت عێراق و کوردستان بەجێبهێڵن”.

ئەو چاوپێکەوتنەی بارزانی لەکاتێکدایە هەفتەی رابردو مەسرور بارزانی بەسەرۆکایەتی شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیتاڵیای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کۆبوەوە.

مەسرور بارزانی لەبارەی چەکدارانی داعشەوە باسی لەوەکردوە، “داعش بەتەواوی لەناونەچوە، ئێستا خەریکی خۆرێکخستنەوەیە، هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە ناوچەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لە کۆبونەوەکانماندا لە رۆما یەکێک لەو بابەتانەی باسمان کرد ئەوەبو کە پێویستە بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە  عێراق چاک بکرێت لە پێناو بنبڕکردنی ئەو فاکتەرانەی یارمەتی بەرهەمهێنانەوەی تیرۆریزم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەدەن”.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی چۆن هەرێمی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکای هاوپەیمان و  لە هەمانکاتدا ئێران بەڕێوەدەبەن؟، بارزانی وتویەتی، “ئێران دراوسێمانە و وڵاتێکی زۆر گرنگیی ناوچەکەیە، ئەوان هەوڵ دەدەن بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن، ئەمریکاش هاوپەیمانمانن، لەشەڕی دژی تێرۆریزم و هەروەها دواتر بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هاوکاریان کردووین، ئێمە لەناو ناوچەیەکداین هەزاران کێشەی هەیە، بەردەوام هەڵمانکردووە و هەر بەردەوامیش دەبین”.

لەبارەی کۆبونەوەی لەگەڵ قاسم سولەیمانی، مەسرور بارزانی رایگەیاند، “داعش هەڕەشە بو بۆ ئێمە لە کوردستان، هەروەها بۆ حکومەتی بەغدا و عێراق بەگشتی. کاتێکیش بوە مایەی هەڕەشەیەکی ترسناک بۆ عێراق،  لە هەمانکاتدا هەڕەشە بو بۆ ئێرانیش کە دراوسێی ئێمەیە، بۆیە کاتێک داعش بەشێوەیەکی ترسناکانە هێرشی دەکرد، ئێران هەڵوێستی وەرگرت و پەیوەندییەکانی لەگەڵمان پتەوتر کرد، بەڵێ جەنەراڵ قاسم سولەیمانی چەندینجار سەردانی کردوین”.

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی، بۆچوانی ئەو لەسەر کوشتنی سولەیمانی چیە، دەڵێت، “وەکو وتم ناوچەکەمان روداوی زۆری تێدا رودەدەن، بەڵام ئێمە ناتوانین لێی دەربچین و جێی بهێڵین، بۆیە هەمیشە رێگاچارەیەکمان دۆزیوەتەوە”.

لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رونیکردەوە، “لەگەڵ حکومەتی پێشوی بەغدا کێشەو جیاوازی سیاسیمان هەبو، ئێستا لە بەغدا بارودۆخێکی نوێی سیاسی هەیە، ماوەیەکە بەهۆی هەبونی ناسەقامگیریی، چارەسەری زۆربەی کێشە سیاسییەکان خاوبوە، هەرێم لە دەستوری عێراقدا قەوارەیەکی جێگیرە و دانی پێدا نراوە، بۆیە دەبێت دەستور وەکو خۆی جێبەجێبکرێت”.

بارزانی هەروەها باسی لەسەردانەکەی بۆ ئیتاڵیا و بینینی پاپا کردوە و رایگەیاندوە، “ئێمە بە قەداسەتی پاپامان راگەیاند، کە پابەندین بە رێزگرتن لە ئاینە جیاوازەکان و پاراستنی مافی پەیڕەوانی ئاینەکانی وەک کریستیان و ئێزیدییەکان، ئێمە ئێستا میوانداری هەزاران پەنابەر و ئاوارە دەکەین کە  لەدەست چەوسانەوە پەنایان بۆ ئێمە هێناوە ، ئێمە شانازی بە پێشوازیکردن لە زیاتر لە ملیۆنێک کەس دەکەین”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.