پزیشكێكی دەرمانساز ڕایدەگەیەنێت، لە خوێندنگاكان كرایە پشوو، حوومەت ئەركی خۆی بەجێهێنا، ئەی ئێوە پێویستە چی بكەن؟ بۆیە لە ۹ خاڵدا ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە كۆڕۆنا دەخاتەڕوو.
د. عیسا عبدالرحمان، پزیشكی دەرمانساز لە ۹ خاڵدا داوا لەهاووڵاتیان دەكات خۆیان لەتوشبوون بەكۆرۆنا بپارێزن.
١. بەرەو بەهار دەڕۆین، لە كوردەواریدا بە وەرزی سەیران ناسراوە، تكایە ئەمساڵ واز لە سەیران، ئاهەنگ و قەرەباڵغی بهێنن، تاوەكو قەیرانی كۆرۆنا تێدەپەڕێت.
٢. تكایە گۆشت مەبرژێنن، گۆشت بكوڵێنن بەباشی.
٣. مرۆڤ بە گشتی و كورد بەتایبەتی كۆمەڵایەتین، سەردانكردنی نێوان خزمان و هاوڕێیان یەكێك لە باوترین خەسڵەتەكانی كۆمەڵگەی كوردییە، دەستان خۆشبێت، بەڵام ئەو ماوەیە ئەوە كەمبكەنەوە و لە ماڵەوە بە تەنها بمێننەوە.
٤. مرۆڤی كورد ناتوانێت بەبێ ئیشی دابنیشێت، یەكێك لە ڕێنماییە تەندروستییەكان ئەوەیە، كە خۆت بە شتێكەوە لە ماڵەوە سەرقاڵبكەی كە پێشتر زانیووتە و ئێستا وازتلێهێناوە وەك درومان كردن، دروستكردنی شتێك یان هەر لێزانییەكی دیكە، كە كاتت بڕوات و بە تەنیایی تووشی سترێس و خەمۆكی نەبیت.
٥. مرۆڤی كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست عاتیفییە، لەباوەشگرتن، ماچماچێن و تەوقەكردن زۆرە، وریابن دەبێت دووری نێوان خۆت و هەموو كەسەكانی دەوروبەرت لە یەك مەتر كەمتر نەبێت.
٦. سەردانكردنی شوێنە قەڕەباڵغەكان، ئاهەنگ، مۆڵەكان، پاڕكەكان و گەشتكردن ئەنجام مەدە.
٧. نوێژ و خواپەرستی لە ماڵەوە ئەنجامبدە و مەچۆرە مزگەوت، لە ماڵەوە دوعا بۆ مرۆڤایەتی و تووشبووان بكە.
٨. تكایە، بووك گواستنەوە ماوەیەك دوابخەن، ئەگەر بڵێم ئاهەنگ مەگێڕن ڕەنگە قورسبێت بەلاتانەوە، بەڵام ئەو ماوەیە ئەو ئاهەنگ و تێكەڵاوبوون و قەرەباڵغییە دوابخەن.
٩. سەردانی نادی، كافێ، بازاڕی ئاژەڵان، شوێنی نێرگەلەكێشان و بازاڕی قەرەباڵغ زۆر كەمبكەنەوە.