Home » هەواڵ » کوردستانی » بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە 
پەروەردەی هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە 

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ڕێكاری پێویست دانراوە بۆ سەلامەتی تەندروستی لەكاتی دابەشكردنی مووچە، ئاشكراشی دەكات، وەزارەت سەرقاڵی تۆماركردنی وانە و بابەتەكانە بۆ بەئەلیكترۆنی كردنیان و لەداهاتوویەكی نزیك ڕایدەگەیەنێت.

بەشدار عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر لەبارەی پرسی خوێندن و كەرتی پەروەردە ڕایگەیاند، بەهۆی پەتای كۆڕۆناوە لە ۲٦ی شوباتی ۲۰۲۰ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری هەڵپەساردنی دەوامی خوێندنی ڕاگەیاند، هەرچەندە ئێمە بەفەرمی تاوەكو ۱۰ی ئادار دەوام دەكەین و ئەوەی تر پشووە، بۆیە ئەوەی تائێستا ڕۆیشتبێت لە خوێندن تەنها ماوەی ۱٥ ڕۆژە بەبێ پشووەكان، واتە زۆرمان لێ نەڕۆیشتووە، ئێستاش بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ و بنبڕنەكردنی كۆڕۆنا ناكرێت دەوامی قوتابخانەكان بكرێنەوە.

دەشڵێت: “وەزیری پەروەردەش ڕایگەیاندووە چەند پڵانێك هەیە، بەڵام هیچ پلانێك ڕانەگەیەنراوە، چونكە كاتیش زۆر نەڕۆیشتووە، ئەگەر هاتوو ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و دەوام نەكردنیش درێژكرایەوە ئەو كاتە وەزارەتی پەروەردە پلانەكانی خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڵام خوێندكاران دڵنیا دەكەینەوە مافیان نافەوتێت و لەبەرژەوەندی خوێندكاران دەبێت”.

بەشدار عەبدولخاڵق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، حكومەت زۆر زوو، زۆر باش ڕێكاری پێویستی گرتەبەر، بەتایبەت قوتابخانەكان كە ژمارەی خوێندكاران زۆرە و ناوەندێكی گونجاون بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، ئەگەر لەداهاتووش ئەو پەتایەمان تێپەڕكرد وەك وانەیەك سوودی لێ دەبینین و زیاتر گرنگی بەپاك و خاوێنی دەدەین.

لەبارەی شێوازی دابەشكردنی مووچە ڕوونی كردەوە، هەر ڕێنماییەك بڵاوبكەینەوە مەبەست لێی پاراستنی سەلامەتی تەندروستی و ژیانی مامۆستایانە، لەكاتی دابەشكردنی مووچەش ئەگەر یەك مامۆستا ببێتە بەركەوتەی ئەو پەتایە دەبێتە هۆكاری تووشبوونی خێزان و دراوسێكانی، بۆیە لیستی پەروەردە و قوتابخانەكان دادەنرێت بۆ دابەشكردنی مووچە و دەدرێتە بانكەكان بەپێی خشتەیەك، كەبانك دایدەنێت و پەروەردەكان كات دیاری دەكەن بۆ دابەشكردنی چەكی بانكی، هیواداریشین هیچ قەرەباڵغیەك دروست نەكرێت، دوای وەرگرتنی مووچەش بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەكانیان بەنوسراوی فەرمی قوتابخانە مووچە بۆ مامۆستاكان دەبەن، مەبەست ئەوەیە مامۆستاكان نەیەنە دەرەوە، ئەو ڕێكارەش ناچاریە.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەری قوتابخانە سەركردەی قوتابخانەیە، بۆیە ڕۆڵی بەڕێوەبەر زۆر گرنگە لەسەر بەڕێوەبردنی قوتابخانە و بەرزكردنەوی ئاستی زانستی و پاكڕاگرتنی، بۆیە ئومێدەوارم مامۆستاكان هاوكاری بەڕێوەبەری قوتابخانەكان بن.

لەبارەی خوێندنی ئۆنلاین وتی، “ڕەنگە هەموو قوتابیان ئامێری پێویستیان لەبەردەست نەبێت، بەڵام ڕێكاری ئاسانتر گیراوەتەبەر و وەزارەت سەرقاڵی تۆماركردنی وانە و بابەتەكانە بۆ بەئەلیكترۆنی كردنیان و لەداهاتوویەكی نزیك ڕایدەگەیەنێت، دڵنیاشم لەبەرژەوەندی خوێندكاران دەبێت و ئالیەتی ئاسانتر دادەنرێت”.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.