Home » هەواڵ » کوردستانی » جەبار یاوەر: هێزەكانمان ئامادەن بۆ هەر ئەركێك پێیان بسپێردرێت
جەبار یاوەر

جەبار یاوەر: هێزەكانمان ئامادەن بۆ هەر ئەركێك پێیان بسپێردرێت

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانمان ئامادەیە هەركاتێك پێویست بوو بۆ ئاڵوگۆڕكردنی هێزەكانی ناوخۆ بۆ ئەوەی بەشێك لە ئەركەكان لەناو شارەكان لە ئەستۆ بگرین.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لەدۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، وەك وەزارەتی پێشمەرگە چەندین ڕۆڵمان گێڕاوە، لەوانە دەزگای ڕاگەیاندنی پێشمەرگە بەردەوام بانگەشە بۆ ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی دەكات بۆ وشیاركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان، دامودەزگاكانی پێشمەرگە بەتایبەت دەزگای پێشمەرگەی هێزەكانی حەفتا نەخۆشخانەیەكی تایبەتی دروست كرد لەماوەیەكی پێوانەیی كە دە ڕۆژ بوو ناوییان نا نەخۆشخانەی(ئاسا) كە ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە لەكاردایە و ئەو كەسانەی گرتووەتەخۆ كە تووشی ڤایرۆسەكە بوون، جگە لەوەی تیمەكانی تەندروستی پێشمەرگە لەگەڵ تیمە تەندروستییەكاندا هاوكار و هەماهەنگن بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش بۆ ئەوەی بتوانن كۆنتڕۆڵی ئاسایشی شارەكان بكەن لەڕووی كەرەنتینەكردنی هاتوچۆكردنی هاووڵاتیان بەتایبەت لەنێوان شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان.

وتیشی”جگە لەو ئەركانە، پاراستنی هێڵەكانی بەرگری كوردستانیشیان لە ئەستۆیە، چونكە ئێمە تا ئێستا هێڵێكمان هەیە كە لەخانەقینەوە دەست پێدەكات تا ناوچەی ڕەبیعە لەسەر سنووری سوریا كە 1000 كم-ە، هێزەكانی پێشمەرگە هەموو ئەو ناوچانە دەپارێزێت تا تیرۆریستانی داعش تاكو سوود لەو دەرفەتە وەرنەگرن بێن زیان لە خەڵكی هەرێمی كوردستان بدەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، وەك وەزارەتی پێشمەرگە پێشتر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە تاهاوكای پارێزگار و لیژنە ئەمنیەكان بین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ناو شارەكان، بەڵام تائێستا لەلایەن پارێزگار و دامودەزگای پارێزگاكانەوە داوامان لێنەكراوە هێزی پێشمەرگە لەناو شارەكان بەشدار بێت، هەركاتێك ئەوان پێویستیان بوو، داوایان لێكردین هێزەكانمان ئامادەیە.

ئاشكراشیكرد، وەك هێزەكانی پێشمەرگە پێشتریش ئامادەیی خۆمان بۆ پارێزگاكان پیشانداوە و وتومانە هێزەكانمان هەمووی ئامادەیە هەركاتێك پێویست بوو بۆ ئاڵوگۆڕكردنی هێزەكانی ناوخۆ بۆ ئەوەی بەشێك لە ئەركەكان لەناو شارەكان لە ئەستۆ بگرین و ئاگاداری هەموو پارێزگارەكانمان كردووە، بەڵام هێشتا پارێزگارە بەڕێزەكان داوایان لێنەكردووین.

ڕوونیشیكردەوە، وەك هێزەكانی پێشمەرگە ئەو ڕۆڵەی دەیبینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئامادەین هەمان ڕۆڵ ببینین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی ئەمنیەتی شارەكان.

جەختی لەوەش كردەوە، داوادەكەم هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش ئەگەر پێویستی كرد هێزەكانی پێشمەرگەش ئەوپەڕی توانا و هێزی خۆیان بەكاربهێنن تاخەڵك پەیوەست بكەن بەڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی بۆ ڕێگریكردن لە هاتوچۆ، چونكە ئەگەر بەتوندی ئەو ڕێنماییانە جێبەجێ نەكەین بەتایبەت بەسەر ئەوانەی كە “لاسارن” بێگومان كۆرۆنا وەك داعشە دەبێتە مەترسییەكی گەورە لەسەر ژیانی خەڵك، هێز بەكارهێنان بۆ جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنماییە نەك سەركوتكردن و توندوتیژی، بەڵكو بۆ ئەوەیە هەوڵبدەین نەهێڵین خەڵك هاتوچۆ بكەن و قەرەباڵغی دروست بكەن ئەوەش ڕێ و شوێن هەیە ئەویش دانانی بازگە یا دەست بەسەرداگرتنی مۆڵەت و ئۆتۆمبێل، تاكو ئەم دۆخە دەڕوات.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.