عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كردو داوایلێكرد هێڵەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێیت بۆ ماوەیەک بكرێن بەخۆڕایی یان گۆڕانکاری لە نرخ و بڕی گێگابایتدا بکرێت.
لەم نامە كراوەیەدا كە عەبدولستار مەجید، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە و ئاراستەی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی كردوە نوسیویەتی،”وەك ئاگادارن لە پێناو ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمکردنەوەی کاریگەری ڤایرۆسەکە هاوڵاتیان دەبێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە، هاتوچۆ و دەرچون بۆ هاوڵاتیان ڕێگەپێ نەدراوە، وە زۆربەی كاتەكانیان لە ماڵەوە بەسەر دەبەن بەهۆی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و چونە سەر کار”
ئاماژەی بەوەشكردوە،”بەم هۆیەوە زۆرێک لە هاوڵاتیان لە ئیشوکاری ڕۆژانەی خۆیان بێبەشن و باری دارایی هاوڵاتیان خراپتر دەبێت و بەو پێیەی ئێستا بەشێکی زۆری هاوڵاتیان بەهۆی هێڵەکانی ئینتەرنێت ئاگاداری ڕەوشی بارودۆخەکان دەبن و زۆربەی پەیوەندییەکان لەم ڕێگایەوە دەبێت”.
عەبدولستار مەجید نوسیویەتی،”بۆیە داواكارین بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی ئابوری و دەرونی هاوڵاتیان هێڵەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت بۆ ماوەیەک بكرێن بەخۆڕایی یان گۆڕانکاری لە نرخ و بڕی گێگابایتدا بکرێت تا هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بتوانن ئاگاداری سەرجەم هەواڵ و گۆڕانکاریەکان بن.”