Home » هەواڵ » جێهان » دووەمین سەگ لە جیهاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە
ئاژەڵ

دووەمین سەگ لە جیهاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاندووە، دووەمین سەگ لە جیهاندا و لە شاری هۆنگ کۆنگی چین توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاندووە، لە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو ١٩ی ئازار، کاتێک دڵنیابوونەتەوە لەوەی خاوەنی دوو سەگ لە شاری هۆنگ کۆنگی وڵاتی چین توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، هەردوو سەگەکەیان بردووە بۆ ئەوەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ ئەنجامبدرێت، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە یەکێک لە سەگەکان توشی ڤایرۆسەکە بووە.

ڕۆژنامەکە ئەوەی راگەیاندووە، ئەو دوو سەگە لە جۆری شێپەردی ئەڵمانی و میکس بریدن، دەرئەنجامی پشکنینەکانیان دەریخستووە کە ئەو سەگەی لە جۆری شێپەردە توشی ڤایرۆسەکە بووە.

لە رۆژنامەکەدا ئەوەش هاتووە، هیچ کام لەو سەگانە هیچ نیشانەیەکی توشبوون بە ڤایرۆسەکەیان نییە.

باس لەوەشکراوە، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و پاراستن لە راگەیاندراوێکدا بڵاویان کردووەتەوە، هەردوو سەگەکە لەژێر چاودێری پزیشکیدان و پشکنینی دووبارە و بەردەوامیان بۆ ئەنجامدەدرێت.

لەو بارەیەوە بەرپرسانی هۆنگ کۆنگ، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و لە ئێستاشدا، هۆشداریان داوەتە هاوڵاتییان کە زۆر نزیک ئاژەڵە ماڵییەکانیان نەکەونەوە و ماچیان نەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە دەربارەی ئەوەی ئایا ئاژەڵان دەکرێت سەرچاوەیەک بن بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر وا دەگوترا ئاژەڵان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابن، بەڵام لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کە ئاژەڵان بە ئاسانی توشی ڤایرۆسەکە نابن و لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەشەوە هەتا ئێستا یەک ئاژەڵ توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، کە سەگێکی ماڵی بوو لە شاری هۆنگ کۆنگ و دووشەممەی رابردوو، ١٦ی ئازاری ٢٠٢٠، مرداربووەوە.

هاوکات، سەگەکە تەمەنی ١٧ ساڵ بوو و لە جۆری پۆمێرانی بوو، کە بنچینەیان بۆ باکوری رۆژئاوای پۆڵەندا دەگەڕێتەوە و توکیان زۆر و نەرم و نۆڵە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.