Home » هەواڵ » عێراق » سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەكات
بەرهەم ساڵح

سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەكات

سەرۆك كۆماری عیراق بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە.

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەداخەوە قەدەر وایە، یادكرنەوەی ئەم نەورۆزە جیاوازە، بۆیە گرنگە ھەموومان بە ھیواوە، بەخەندە و خۆزگەی پڕ لە ئیرادەوە، لەناو ماڵ و خێزان و خۆشەویستانماندا، ئەم یادە ئاڵ و واڵا بكەین و چێژ لەدەرفەتە جوانەكانی ناو خێزان و ئازیزانمان وەربگرین و بەخۆشیەوە مەشخەڵی نەورۆزی رووناكردنەوە و پێكەوەبون لەناو دڵی ئازیزانماندا، بەشێوە كۆمەڵایەتییە تایبەت و جیاوازەی ئێستای ناو ماڵ و خێزان لە پێناو ژیانێكی باشتر و تەندروستتر و بەجیاواز لە جاران دابگیرسێنین.

دەقەكی پەیامەكە…

نەورۆز جەژنی سەركەوتن و لێبوردەیی و ئازادییە، سیمبولی كۆتاییھاتنی زوڵم و زۆردارییە، دەسپێكێكی گرنگە بۆ بووژانەوە و نوێبوونەوە.

لەم نەورۆزەدا، كە پەتای كۆرۆنا بووە بەھەڕەشەیەكی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی، بەداخەوە خەڵكی ئێمە وەكو سەرجەم مرۆڤایەتی بۆ خۆپارێزی خۆی، ناچاری مانەوەیە لەماڵەوە.

دەزانم كوڕان و كچانی ئێمە، ژنان و گەنجان و یەك بەیەكی ڕۆڵەكانی گەل وەك نەریتی ساڵانە، خواستی سەیران و ڕژانە دەشت و دەر و شایی و ھەڵپەڕكێ و كۆڕ و كۆبوونەوەی بەكۆمەڵی یارانیان بەدەوری مەشخەڵی نەورۆزدا ھەیە، بەڵام دەشزانم كە ئێمە لە جەنگی لەناوبردنی زوحاكێكی ڤایرۆسین، كە كۆرۆنایە و چەكوشی پانكردنەوەی سەری زوحاكی ئەو پەتایەش، پابەندبوونە بە ڕێنماییەكان و مانەوەیە لەماڵ، خۆبەدورگرتنە لە قەرەباڵغی و كۆڕ و كۆبونەوە و گردبوونەوەی بەكۆمەڵ.

بەداخەوە قەدەر وایە، یادكرنەوەی ئەم نەورۆزە جیاوازە، بۆیە گرنگە ھەموومان بە ھیواوە، بەخەندە و خۆزگەی پڕ لە ئیرادەوە، لەناو ماڵ و خێزان و خۆشەویستانماندا، ئەم یادە ئاڵ و واڵا بكەین و چێژ لەدەرفەتە جوانەكانی ناو خێزان و ئازیزانمان وەربگرین و بەخۆشیەوە مەشخەڵی نەورۆزی رووناكردنەوە و پێكەوەبون لەناو دڵی ئازیزانماندا، بەشێوە كۆمەڵایەتییە تایبەت و جیاوازەی ئێستای ناو ماڵ و خێزان لە پێناو ژیانێكی باشتر و تەندروستتر و بەجیاواز لە جاران دابگیرسێنین.

خوشك و برایانی خۆشەویست

دڵنیابن پێكەوە، زووبەزوو مەشخەڵی نەورۆزی سەركەوتنێكی دیكەی نوێ دادەگیرسێنین، لەوەش دڵنیابن لەسەرانسەری عیراق و كوردستانی خۆشەویستیشەوە، لەكایەیەكین، بۆ ئەوەی ھەموو ئاستەنگ و كێشەكانی ئەم ڕۆژگارە تێپەڕێنین بە كۆڕۆناشەوە. پشتیوان بە پابەندی و خۆڕاگری ئێوە و پشت ئەستور بەخوای گەورە ئیرادەی گەل روو لە داھاتووی نوێ و نەورۆزی نوێ و سەركەوتنە و ئاسۆی داھاتوویەكی باشتر روونە.

دووبارە نەورۆزتان پیرۆز، نەورۆزتان ئارامی و سەركەوتن بێت.

خودای گەورە خۆتان و خێزان و خۆشەویستانتان پارێزراو بكات.

ھەربمێنن بە تەندروستی باش و بەخۆشەویستی بەردەوامەوە.

ھەموو ڕۆژێكتان نەورۆز و ھەموو نەورۆزێكتان داھاتووی گەش و سەرفرازی بێت.

د.بەرهەم ساڵح

سەرۆك كۆماری عیراق

٢٠٢٠/٣/٢٠

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.