Home » هەواڵ » جێهان » شەوی رابردو ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا 500 هەزار كەسی تێپەڕاند
توشبوانی كۆرۆنا

شەوی رابردو ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا 500 هەزار كەسی تێپەڕاند

شەوی رابردو ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا 500 هەزار كەسی لە سەرتاسەری جیهان تێپەڕاند، رێژەی توشبوان و ئەو توشبوانەی گیانلەدەستدەدەن لە هەڵكشانی بەردەوامدایە، حكومەتی چین-یش دوای یەك هەفتە توشبویەكی لە ناوخۆی وڵاتەكەی راگەیاند.

بەگوێرەی دوائاماری جیهانیی تا ئێستا، 532 هەزار و 263 توشبوی كۆرۆنا لە جیهاندا هەیە، 24 هەزار و 90 توشبو گیانیانلەدەستداوە و لە بەرامبەریشدا 124 هەزار و 349 توشبوی پەتای كۆڤید-19 چاكبونەتەوە.

لە چین كە ناوەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیە، دوای تێپەڕینی هەفتەیەك لە تۆمارنەكردنی هیچ توشبویەكی ناوخۆیی، ئەمڕۆ هەینی لیژنەی تەندروستی نیشتیمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند “لە شاری وهان 55 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراوە و بێجگە لە یەك توشبو، سەرجەمیان لە دەرەوەی وڵات هاتون”.
لیژنەی تەندروستی نیشتیمانی چین ئاماژەی بەوەشكردوە “تا ئێستا لە چین 81 هەزار و 340 توشبو بە پەتای كۆڤید-19 تۆماركراوە و كۆی گشتی ئەو توشبوانەی گیانیانلەدەستداوە گەیشتوەتە سێ هەزار و 292 حاڵەت، 74 هەزار و 588 توشبوی ئەو وڵاتەش چاكبونەتەوە”.

ئەوەش  لەكاتێكدایە لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رێژەی توشبون چین-ی تێپەڕاندوە و تا ئێستا 85 هەزار و 594 دانیشتوی ئەو وڵاتە توشی پەتای كۆرۆنا بون، هەزار و 300 توشبو-ش گیانیانلەدەستداوە و هەزار و 868 توشبو پەتاكەیان پەراندوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.