ئەمڕۆ هەینی 13-03-2020 کاژێر 04:00ی پاشنیوەڕۆ فرۆکەیەکی تورکیا چەند بەرزاییەکی لە دەڤەری برادۆستی شارۆچکەی سیدەکان بۆردوومان کرد.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان لهلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان راگەیاند، “لە کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆ فڕۆکەیەکی تورکیا هاتە ئاسمانی ناوچەکە و دوای سووڕانەوەی بۆ نزیکەی کاژێرێک، بۆردوومانی بەرزاییەکانی گوندی خەلیفان و گەلیی رەشی کرد”.
بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان باسی لەوەش کرد، بەو پێیەی لەم کاتەی ساڵدا ناوچەکان ئاوەدانییان لێ نییە، زیانی گیانی و ماڵی لە بۆردومانەکە نەکەوتووەتەوە.
هەروەها پێشتر لە ئێوارەی رۆژی 09-03-2020 فڕۆکەکانی تورکیا چەند بەرزاییەکی دۆڵی باڵەیانیان لە سنووری شارۆچکەی قەسرێ بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە خانووی هاونیشتمانییەک لە گوندی ماونان رووخا.