Home » هەواڵ » جێهان » كەنەدا بۆ ئەمریكا: پلانی بڵاوكردنەوەی هێز لە سنوری نێوان هەردو وڵات پێویست نییە
ئەمریكا و كەنەدا

كەنەدا بۆ ئەمریكا: پلانی بڵاوكردنەوەی هێز لە سنوری نێوان هەردو وڵات پێویست نییە

حكومەتی كەنەدا رایگەیاند، بڵاوكردنەوەی هێزی هاوبەش لە سنوری نێوان ئەمریكا و وڵاتەكەی بەتەواوی رەتدەكاتەوە و ئاماژەی بەوەشكردوە “ئەنجامدانی ئەو كارە پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات تێكدەدات”.

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس-ی ئەمریكی دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاندوە “سەبارەت بە پلانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ بڵاوكردنەوەی هێز لە سنوری نێوان هەردو وڵات، كەنەدا هۆشداریداوە لە تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا-كەنەدا، كە ماوەیەكی زۆرە هەماهەنگییان پێكەوە هەیە”.
بەگوێرەی ئەو ئاژانسە ئەمریكییە، كەنەدا بە ئیدارەی كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای راگەیاندوە، پلانی بڵاوكردنەوەی هێزە ئەمریكییەكان لەمكاتەدا بە هیچ شێویەك گرنگ و پێویست نییە، ئیدارەی جەستن ترودۆ، سەرۆك وەزیرانی كەنەدا-ش لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بەو ئەنجامەی پلانەكە جێبەجێنەكرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە “سنوری نێوان ئەمریكا و كەنەدا درێژترین سنورە لە جیهاندا كە سەربازی نییە و ئەوەش بۆ بەرژەوندی هەردولا زۆر گرنگە كە سنورەكە بەو شێوەیە بمێنێتەوە”.
پێشتر هەمان ئاژانسی ئەمریكی ئاماژەی بەوەكردبو، بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، داواكارییەكی فەرمیان پێشكەشی وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) كردوە، كە لەپێناو گرەنتیكردنی سنورەكان و رێگرتن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە دەروازە سنورییەكان هێز بڵاوبكرێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، شەوی رابردو ژمارەی توشبون بە پەتای كۆرۆنا لە ویلایەتە یەكگرتوەكان چین-ی تێپەڕاند و لەئێستادا ئەو وڵاتە لە روی زۆریی ژمارەی توشبوانەوە یەكەمینە لەسەر ئاستی جیهان.
لە ئەمریكا تا ئێستا 85 هەزار و 612 توشبو بە پەتای كۆڤید-19 هەیە، لە كەنەدا-ش چوار هەزار و 43 توشبو تۆماركراوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.