سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێم پاره‌ی هه‌یه كه‌چی قه‌رزی پاشه‌كه‌وتكراوی فه‌رمانبه‌ران ناداته‌وه.
كازم فاروق سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێم رۆژانه زیاتر له نیو ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت، كه مانگانه داهاتی ئه‌م نه‌وته زیاتر له 730 ملیۆن دۆلاره، به‌ڵام دڵنیایه پاره‌كه زۆر له‌مه زیاتره چونكه نه‌وتێكی زۆر به قاچاخ و ته‌نكه‌ر و نایاسایی ده‌فرۆشرێت.
راشیگه‌یاند، “جگه له داهاتی نه‌وتی قاچاخ، داهاتی پاڵاوتگه‌كان، له‌و پاره‌یه‌ی كه ھاوپه‌یمانان ده‌ینێرن و ئه‌و 452 ملیار دیناره‌ی كه به‌غدا ده‌ینێرێت، داهاتی ناوخۆ مانگانه نزیكه‌ی 300 ملیۆن دۆلاره.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “باشه حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه ئه‌و هه‌موو پاره و بودجه‌یه‌ی هه‌یه، بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نادات؟ بۆ چاوه‌ڕێی پاره‌ی به‌غداده له كاتێكدا خۆی مانگانه زیاتر له موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌ست ده‌كه‌وێت.”
باسی له‌وه‌شكرد، “له سێ به‌ش، دوو به‌شی داهاتی نه‌وت ده‌دزرێت و دیارنامێنێت و ناچێته‌وه خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت به‌حساب حكومه‌ت قه‌رز ده‌داته‌وه و به‌ناوی قه‌رزی كۆمپانیای نه‌وته‌وه خه‌ریكی دزیه‌كی ئاشكران.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ ده‌شڵێت، “ئه‌ی بۆچی به‌و پاره‌یه قه‌رزی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ناده‌نه‌وه؟”
كازم فاروق له كۆتاییدا رایگه‌یاند، “ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌م پاره‌دزین و بێ باكییه به‌رامبه‌ر فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه و خانه‌نشینان، ئه‌وا دووباره خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن و قبوڵی ناكه‌ن ئه‌مه به‌رامبه‌ر به فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵك بكرێت.